وەزیری دەرەوەی ئێران: چەند وڵاتێكی ناوچەكە داعشییان كردووەتە كارتی فشار
دوای رێككەوتنی ناوكیی ئێران و وڵاتانی 5+1، ئێستا وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت لەگەڵ ئێران قسە لەسەر رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا بكەن.
فرێدریكا مۆگرینی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا گوتی: "ھەماھەنگیی و ھاوكاریكردنی وڵاتان لەگەڵ یەكدی لە ناوچەدا پێویستە, ھەر وەك چۆن لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بۆ یارمەتیدانی سووریا پێكەوە كارمان كردووە".
مۆگرینی گوتیشی: "ھەندێك قۆناغ ھەن كە پێویستە بۆ كەمكردنەوەی شەڕ و ناكۆكییەكان و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی لە ناو سوریادا پێیاندا تێپەڕین".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا ئەوەشی خستەڕوو: "ھەر وەكوو چۆن لە گفتوگۆكانی ئێران و وڵاتانی 5+1 لەسەر پرسی ناووكی ئێران، شاندی دانووستانكاری ئێران كاتێكی زۆریان بۆ خۆیان كڕیی و لەسەر داواكانیان پێداگڕ و لە پێدانی ئیمتیازدا دەستییان تووندكردبوو، لە سەر قەیرانی سووریاش تۆپەكە ھەر دەھاوێنە ناو گۆڕەپانی بەرامبەریان".
ھاوكات وەزیری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف گوتی: "ئەگەر وڵاتانی دراوسێ پێیانوایە كە دەتوانن داعش و ئەلنوسرە وەكوو كارتی سیاسیی بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەكار بێنن، ئەو كات ھەوڵی رێككەوتن و راگڕتنی شەڕ دەدەین".
وڵاتانی رۆژئاوا بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و یەمەن ھانایان بۆ ھێزە ناوچەییەكان ھێناوە، ئەوە لەكاتێكدا بەشی زۆری ئەو وڵاتانە و لە سەرووی ھەموویانەوە ئێران و سعودییە بەوە تۆمەتبارن كە سەركردایەتی دوو بەڕەی ناكۆكی ناوچەكە دەكەن و تەنانەت دەگوترێ لەھەندێك شوێن بە وەكاڵەت شەڕی خوێناویش بە دژی یەكدی دەكەن.
K24