وەزیری نەوتی نایجیریا: بەنیازی چاکسازین بەتایبەتی لە كەرتی نەوتدا

وەزیری نەوتی نایجیریا:  بەنیازی چاکسازین بەتایبەتی لە كەرتی نەوتدا
وەزیری نەوتی نایجیریا بەنیازی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە لە وڵاتەکەی و دەڵێت هیواخوازە کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک ئەنجامی ئەرێنی هەبێت.

ئیمانویل ئیبێ کاچیکۆ ،وەزیری نەوتی نایجیریا بەنیازە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی بەرزکاتەوە بۆ رۆژانە دوو ملیۆن و نیو بەرمیل، هاوکات سەرقاڵی گوتووێژە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵاتییەکانی نەوت، بۆئەوەی وەبەرهێنانەکانیان لە وڵاتەکە دەستپێبکەنەوە.

وەزەیری نەوتی نایجیریا دەڵێت کە هیواخوازیشە کۆبوونەوەی داهاتووی رێکخراوی ئۆپێک ئەنجامێکی ئەرێنی لێبکەوێتەوەو ببێتە هۆکاری جێگیر بوونی نرخی نەوت.

ئیمانویل ئیبێ کاچیکۆ ، وەزیری نەوتی نایجیریا، گوتی “ گەیشتووینەتە ئەو ستراتیژییە کە پەیوەستە بە کۆنترۆڵکردنی قەبارەی بەرهەمهێنان یان کەمکردنەوەی، نرخی نەوت پێویستە جێگیربکرێت، چاوەڕوانین گوتووێژی زۆر لەو کۆبوونەوەیەدا بکریت و چارەسەرێک بدۆزینەوە”.

کەرتی نەوتی نایجیریا بەزۆری لە چەند ساڵی رابردوودا سڕ بووەو هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکومەتی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە سەرمایەی پێویست بۆ پەرەپێدانی تەرخان بکات.

نایجیریا کە گەورەترین ئابووری ئەفریقایە ئێستا لەرێی گرێبەستی جۆری هاوبەشکردنی بەرهەم رۆژانە دوو ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.











رووداو
Top