سەرۆكی كۆنفرانسی میونشن: داھاتووی ئاسایشی جیھان نا روونە

سەرۆكی كۆنفرانسی میونشن: داھاتووی ئاسایشی جیھان نا روونە
پەنجاو دووھەمەمین كۆنفرانسی سیاسەتی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە میونشن بە یاداشتێكی بێ ئەنجام كۆتاییھات، سەرۆكی كۆنفرانسەکەش رایگەیاند داھاتووی ئاسایشی جیھان نا روونە.

وۆڵف گانگ ئیشینگەر، سەرۆكی كۆنفرانسی میونشن لە ئەڵمانیا راشیگەیاند: "بێ ھیوام لە چارەكردنی ئەو كێشانەی کە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە دەستینانەوە دەناڵێنن".

سەرۆكی كۆنفرانسی میونشن هاوکات ھۆشداریدا لە چارەسەرنەبوونی قەیرانەكان و ئاشكرایكرد، كە چیترناتوانن پێشبینیی بكەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دووچاری چەند قەیرانی دیكە دەبێتەوە و گوتی: "داھاتووی ئاسایشی جیھان نا روونە".

وۆڵف گانگ ئیشینگەر راشیگەیاند: "بێ باوەڕییەكی زۆر باڵی بەسەر گفتوگۆكانی میونشن كێشاوە، سەركردەی وڵاتانی زلھێز متمانەیان بە یەكدی نییە".

بە درێژایی سێ رۆژی رابردوو قەیرانی سووریا گەرمترین و سەرەكیترین بابەتی كۆنفرانسی میونشن بوو، دواتر لە رێکەوتی 12 ئەم مانگە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی ھاوكاری سووریا گەیشتنە رێككەوتن لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لە سووریا، بەڵام رووسیا و ئەمریكا یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەوەی نەیانتوانیوە تا ئێستا شەڕی سووریا رابگرن.

بە رای چاودێران بەهۆی قەیرانی كۆچبەران كە راستەوخۆ پەیوەندیی بە دۆخی سووریاوە ھەیە و وڵاتانی رۆژئاوا بە دەست زۆری پەنابەرانەوە دەناڵێنن، ئەم وڵاتانە دەیانەوێ چارەسەرێكی خێرا بۆ شەڕی سووریا بدۆزنەوە، لە کاتێکدا شەڕی سووریا وا پێنج ساڵە بەردەوامە.












K24
Top