ئۆباما بۆ پوتین: هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رابگرن

 ئۆباما بۆ پوتین: هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رابگرن
ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆ سەر هێزەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە هاوتا رووسییەکەی رادەگەیێنێت "هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی سووریا بوەستێنن".

رۆژی یەکشەممە 14-2-2016 کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکیدا ئاشكرایكرد، باراک ئۆباما لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، هاوتا رووسییەکەی جەختی لە گرنگی رۆڵی بنیاتنەری رووسیا لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سووریا کردووەتەوە.

راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆباما داوای لە پوتین کردووە هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی میانرەوی سووریا رابگرن.

هاوکات، کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کرێملن) لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژە بە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان هەردوو سەرۆکی رووسیا و ئەمریکا كردووە، بەڵام راگەیێندراوەکەی کرێملن بە هیچ شێوازێک ئاماژە بەو داوایەی ئۆباما ناکات کە سەبارەت بە وەستاندنی هێرشەئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بۆسەر هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا ئاراستەی پوتینی کردووە.

راگەیێندراوەکەی کۆشکی کرێملن ئاماژەی بەوەکردووە کە پوتین و ئۆباما تاوتوێی دۆخی سووریایان کردووە و سەرۆکی هەردوو وڵات پشتیوانی خۆیان بۆ رێککەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لە سووریا دووپاتکردووەتەوە.

کۆشکی کرێملین لە راگەێندراوەکەیدا دەشڵێت "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئۆباما و پوتین باس لە بوونی هەماهەنگی زیاتر لە نێوان وەزارەتی بەرگری رووسیا و ئەمریکا کراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەڕی دژ بە داعش لە ناوچەکەدا".

پەیوەندییەكەی نێوان ئۆباما و پوتین لەکاتێکدایە، کە هەریەکە لە وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئەمریکا و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەستی سووریا رێککەوتن.







رووداو
Top