مردنی دادوەرێکی دادگای باڵای ئەمەریکا ململانێی سیاسی دروست دەکات

مردنی دادوەرێکی دادگای باڵای ئەمەریکا ململانێی سیاسی دروست دەکات
مردنی لەناکاوی کۆنترین دادوەری دادگای بالای ئەمەریکا وا دیارە دەبێتەوە بە ململانێیەکی تری سیاسی.

دادوەر ئەنتۆنن سکاڵیا کە بە دیدوبۆچوونە کۆنەپارێزەکانی ناسراوە شەوی شەممە لەتەمەنی 79 ساڵیدا لە خەودا گیانی لەدەستدا.

سەرۆک ئۆباما دڵگرانی خۆی لەمەڕ کۆچی دووایی سکاڵیا دەربڕی و گوتیشی " بەرنامە دادەڕێژم بەرپرسیارێتی دەستوریم بەجێ بگەیەنم بۆ دەستنیشان کردنی جێگرەوەکەی لە کاتی خۆی دا، و کاتی زۆرم بەدەستەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەم و بۆ سیناتیش کە بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێ بگەیەنن و لە کاتی خۆیدا دانیشتنێکی ڕەوا بۆ پەسەند کردنی ئەو کەسە بکەن".

ڕێبەری زۆرینەی سینات مچ مکانەڵی کۆماری دەستبەجێ دەنگی ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر ئەو کەسەی کە ئۆباما دەستنیشانی دەکات.

مکانەڵ و کۆمارییەکانی تر دەڵین پێویستە سەرۆکی داهاتوو ئەم ئەو کەسە دەستنیشان بکات.

بەڵام سەرۆک ئۆباما ڕایگەیاند " ئەم شتانە بەرپرسیارێتین کە من زۆر بە ڕژدی وەریدەگرم دەبێت هەمو کەسێکیش وا بێت. ئەم بەرپرسیارێتییانە گەورەترن لە یەک حزب. ئەمە دیموکراسییە. ئەمە سەبارەتە بەو دامەزراوەیەی کە دادوەر سكاڵیا ژیانی پرۆفێشناڵی خۆی بۆ تەرخان کرد".

ئاڵای ئەمەریکا نزمکراوەتەوە لە بەردەم دادگای بالای ئەمەریکاو هەمو باڵەخانەکانی حکومەت بۆ ڕێزلێنان لە دادوەر ئەنتۆنن سکاڵیا.

شایانی باسە دادگای باڵای ئەمەریکا 9 دادوەری هەیە. بەڵام 8 ئەندامیش دەتوانن بڕیار لەسەر دۆسێکان بدەن.

































VOA

Top