لیژنەی ئاسایش و بەرگری: عێراق هێزێكی گەورەی بۆ سەر سنوری سعودیە ناردوە

لیژنەی ئاسایش و بەرگری: عێراق هێزێكی گەورەی بۆ سەر سنوری سعودیە ناردوە
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد كە عێراق هێزێكی چەكداری گەورەی بۆ سەر سنوری سعودیە ناردوە بۆ ئەوەی چاودێری ئەو مانۆرە سەربازییە بكات كە بڕیارە سعودیە و چەند وڵاتێكی دیكە ئەنجامی بدەن.

عەدنان ئەسەدی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا هۆشداری سعودیەی دا، ئەگەر فرۆكەكانی سعودیە و عەرەبی لەو مانۆرە سەربازییەی لەنزیك سنوری عێراق ئەنجامی دەدەن، ئاسمانی عێراق ببەزێنێت، ئەوا وەڵامیان دەدرێتەوە.

پێشتریش حەشدی شەعبی لەبەیاننامەیەكدا، هۆشداری سعودیەی دابوو و رایگەیاندبوو كە عێراق دەبێتە گۆڕستانی ئەوانەی لێی نزیك دەبنەوە و خاكەكەی دەبەزێنن.

بڕیارە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا لە سعودیە 20 وڵات، گەورەترین مانۆری سەربازی لەجیهان ئەنجام بدەن، مانۆرەكە لە شاری شا خالید لە حەفر باتن لە باكوری سعودیە ئەنجام دەدرێت.

ئەو وڵاتانەی بەشداری لەو مانۆرە دەكەن بریتین لە، سعودیە، ئیمارات، ئوردن، بەحرەین، سەنیگال، سودان، كوێت، مالدیف، مەغریب، پاكستان، چاد، تونس، دورگەكانی مانگ، جیبۆتی، عومان، قەتەر، مالیزیا، میسر، مۆریتانیا، مۆریشیۆس و لەگەڵ هێزەكانی درعی جەزیرە.



Top