٥ گەڕەکی دیکەی ناوچەی سوور، هاتوچۆیان لێ قەدەخە کرا
ئەگەرچی وەزارەتی ناوەخۆی توركیا دەڵێت توانیومانە ئۆپەراسیۆنەكەمان بە سەركەوتوویی ئەنجام بدەین و خەندەقەكان دابخەین، بەڵام بەردەوامی شەڕ و یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ پێمان دەڵێت كە ئۆپەراسیۆنەكان سەركەوتوو نەبوونە.
ئەمڕۆ سەعات ١١ی بەیانی بە فەرمی یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە ٦ گەڕەكی دیكەی ناوچەی سووردا جێبەجێ كرا، چونكە بە گوتەی وەزارەتی ناوەخۆی توركیا، دەیانەوێت خەندەقەكان دابخەن. بەڵام تاوەكو ئێستا پەكەكە بە تەواوەتی لە ناوچەی سوور حاكمە و دەوڵەتی تورك نەیتوانیوە ئەو ناوچەیە لە دەستی پەكەكە دەربهێنێت.
تاوەكو ئێستا تەنیا لە سلۆپی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا سەركەوتوو بوە و، توانیویانە خەندەقان دابخەن و یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆیش لەو شارە هەڵگیراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی خانوەكان وێران و بوون و هیچ خزمەتگوزارییەكیشی تێدا نییە، بۆیە هاووڵاتیان نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان. هەروەها شەڕ لە جزیرەیش بەردەوامی هەیە و، سوپای توركیا نەیتوانیوە بە تەواوەتی ئەو قەزایە لە دەستی پەكەكە دەربهێنێت.
ئەگەرچی دوێنێ سوپای توركیا دەستی بەسەر چەند گەڕەكێكی جزیرەدا گرت و ئاڵای توركیای تێدا هەڵكرت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە لە جزیرە لە پێشڕەویدابن، چونكە پەكەكە هێزێكی زۆری لەو ناوچەیە هەیە و، توانیویەتی دەیان خەندەق هەڵبكەنێت، كە توركیا تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە خەندەقەکانی جزیرە پڕ بکاتەوە.