رووسیا هەڵوێستی فەرمی لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە راگەیاند

 رووسیا هەڵوێستی فەرمی لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە راگەیاند
کریملین، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسی لەسەر سنووری نێوان سووریا و تورکیا بە رووداوێکی "زۆر مەترسیدار" وەسفکرد.

لە راگەیێندراوێکی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیادا هاتووە " رووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسی رووداوێکی زۆر مەترسیدارە، بەڵام هێشتا زووە هیچ هەڵسەنگاندنێک لەمبارەیەوە بکرێت".

کریملین هەروەها رایگەیاندووە " لەوانەیە ئەمڕۆ پوتین هەڵسەنگاندنێک بۆ رووداوەکە بکات"، جەختیشی کردووەتەوە كە زانیاری پشتڕاستکراوەیان لایە فڕۆکە رووسییەکە لەسەر خاکی سووریا خراوەتەخوارەوە و سنووری نەبەزاندووە.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن تورک رایگەیاندووە، یەکێک لە فڕۆکەوانەکانی فڕۆکە رووسییەکە لەلایەن تورکمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە دەستگیرکراوە و، سەرچاوە هەواڵییەکانی دیکەش باس لە گیانلەدەستدانی فڕۆکەوانەکەی دیکە دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکەیەکی رووسی جۆری سوخۆی24 لەلایەن سوپای تورکیا خرایەخوارەوە، دواتر تورکیا رایگەیاند فڕۆکەکە سنووری ئاسمانی ئەو وڵاتەی بەزاندووە و دوای 10 جار ئاگادارکردنەوە تێكیان شكاندووە.











رووداو
Top