رەفسەنجانی: باڵی سەربازی دەیهەوێ‌ شۆڕشی ئێران بەلاڕێدا ببات

رەفسەنجانی: باڵی سەربازی دەیهەوێ‌ شۆڕشی ئێران بەلاڕێدا ببات
ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی" سەرۆكی كۆڕی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، بە توندی رەخنەی لە باڵی توندڕەوی دەسەڵات گرتووە و ئاشكرای كردووە كە دەیانەوێ‌ بە كەڵك وەرگرتنی خراپ لە هێزی سەربازی شۆڕش بەلاڕێدا بەرن.



رەفسەنجانی لە كۆڕێكدا لەگەڵ ئەندامانی شوورای ناوەندی پارتەكانی ئێران لەبارەی چالاكیی پارتەكانەوە گوتی: "ئەگەر وڵاتێك بیهەوێ‌ دیموكراسیی راستەقینەی تێدا رەچاو بكرێت، بەبێ‌ حیزبایەتی سەركەوتوو نابێت."


ئاماژەی بەوەش داوە بەشداریی خەڵك لە گۆڕەپانی سیاسی دەبێتە پێشگیری لە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و بوونی پارتی جۆراوجۆریشی بە یەكێك لە رێكارە ئەزموون كراوەكانی دینا بۆ هاندانی خەڵك لە بەشداریی سیاسی وەسف كرد.



رەفسەنجانی لە درێژەی قسەكانیدا بە رەخنە لە "بەرنامەی كەسان و باڵی توندڕەو" لەدژی كۆڕ و كۆبوونەوە فەرهەنگی و سیاسییەكان،رایگەیاند: "كۆمەڵێك بە سەفەر و سەردان بۆ پارێزگاكان و بە تێكدانی كۆڕ و كۆبوونەوە و چالاكییە فەرهەنگییكان دەیانەوەێ‌ سیمایەكی شَیواو و شڵەژاو لە ئێران بە دوژمنەكان پیشان بدەن."


ئەم وتانەی رەفسەنجانی لە كاتێك دایە لە رۆژانی رابردوودا لەلایەن "حیزبوڵڵاهی" و بەسیجی و هێزە توندڕەوەكانەوە كۆڕی ئاحاوتنی دوو كەس لە بەناو ریفۆرمخوازەكانیان لە قەزوین و كەرەج تێكدا.


لە شاری قەزوین كە كۆبوونەوەی هاوبەشی رێكخراوە ریفۆرمخوازەكان بوو، لە كاتی ئاخاوتنی "عەبدولواحید مووسەوی لاری" دەستیان كرد بە تێكدان و سەركوتی خەڵك و كۆڕەكەیان تێكدا.


هاوكات بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان لایەنگرانی باڵی توندڕەو و ریفۆرمخوازەكان لە شاری كەرەج كۆبوونەوەی ئاخاوتنی "عەلی موتەهەری" پارلەمانتاری ئێران هەڵوەشایەوە.



ئەم وتانەی رەفسەنجانی لەبارەی پێویستیی بوونی پارت و گرنگیی لە بەشداریی خەڵك لە گۆڕەپانی سیاسی لە كاتێك دایە كە هەر لە سەرەتای دەسپێكی كۆماری ئیسلامییەوە هەموو پارت و حیزبە كوردییەكان لە ئێران قەدەغە و بە هەڵوەشاوە و بە دژە شۆڕش لەقەڵەم دران و لە ئێران هەر پارتێك لە چوارچێوەی بیر و ئایدیای كۆماری ئیسلامیدا نەبێت، ئینی كار و چالاكیی سیاسیی نییە.







باسنیوز
Top