کۆبوونەوەی لووتكەی ئاكپارتی و جەهەپە کۆتاییهات

کۆبوونەوەی لووتكەی ئاكپارتی و جەهەپە کۆتاییهات
کۆبوونەوەی لووتکەی ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە، لە باڵەخانەی سەرۆکایەتیی وەزیرانی تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەخت سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی کۆتاییهات.

کاژێر 06:00 ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 10-8-2015 ، کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی و پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە بەسەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو و کەمال کڵچدارئۆغڵو دەستیپێکرد، كاژێر 10:00 ەش كۆتاییهات.

میدیاکانی تورکیا رایانگەیاندووە، چاوەڕواندەکرێت عومەر چەلیک لە ئاکپارتی و هالوک کۆچ لە جەهەپە دەربارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە روونکردنەوە بدەن.

کۆبوونەوەکەی داودئۆغڵو و کڵچدارئۆغڵو پاش چوار کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانی ئاکپارتی (خاوەنی 258 كورسییە) و جەهەپە (خاوەنی 132 كورسییە) دێت و چاودێرانی رەوشی تورکیاش ئەم كۆبوونەوەیە بە گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبینن.

ئەحمەد داودئۆغڵو رۆژی 10ی تەمموز لەلایەن رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیاوە راسپێردرا بۆ پێكهێنانی 63 هەمین حکومەتی تورکیا، ئێستا 13 رۆژی لەبەردەست ماون بۆ پێکهێنانی حکومەت، لە ئەگەری پێکنەهێنانی حکومەتیشدا، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ، ئەگەرێکی گەورەیە.
Top