ئەمریکا هاوکارییە سەربازیی و ئەمنییەکانی بۆ بەحرەین دەستپێدەکاتەوە
ئەمریکا لەساڵی ٢٠١١ و دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی بەحرەین لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیدا هاوکارییەکانی بۆ ئەو وڵاتە راگرتبوو، بەڵام بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا، ئەو هاوکارییانە لە رووی سەربازی و ئەمنییەوە دەستپێدەکەنەوە.
جۆن کێربی، گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەمریکا چاودێری وڵاتی بەحرەین و رەوشی مافی مرۆڤی لەو وڵاتە کردووە و هەستدەکات بەحرەین لەو لایەنەوە بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و چاکسازی سیاسی ئەنجام داوە، بۆیە ئەمریکا دەست بەو هاوکارییانە دەکاتەوە کە لەساڵی ٢٠١١ەوە راگیراون.
ئەم بڕیارەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە پێشتر باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە ئەمریکا لەگەڵ بەردەوامی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێرانە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، بەردەوامیش دەبێت لە هاوکارییەکانی بۆ وڵاتانی هاوپەیمان لە کەنداو.
بەڵام رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رەخنەی لەو بڕیارەی ئەمریکا گرتووە و پێی وایە هیچ چاکسازی و پێشکەوتنێکی بەرچاو لە رەوشی مافی مرۆڤدا لە بەحرەین بەروونی نابینرێت، ئەم بڕیارەی ئەمریکاش مایەی نیگەرانییە، چونکە بەحرەین هاندەدات بۆ پەیڕەویکردنی هەمان ئەو جۆرە مامەڵەیەی کە لە بواری مافی مرۆڤدا ئەنجامی دەدات.
ئەو رێکخراوە ئاماژە بە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوی سیاسی و چلاکوانانی مافی مرۆڤ دەکات لە بەحرەیندا.
لەساڵی ١٩٩٥ەوە کەشتی جەنگی ئەمریکی بەناوی کەشتی جەنگی پێنجەم کە بەرپرسیارێتی یەکەمی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکای لە ئەستۆیە لە کەنداودا، لە بەحرەین جێگیرکراوە، بەرپرسێکی پێشووی دەزگای هەواڵگری CIA لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەمریکا ترسی لەوە هەیە داعش دوای ئەوەی کوێت و سعودیەی لە دوو هێرشی جیاوازدا کردوەتە ئامانج، پەل بۆ بەحرەینیش بهاوێژێت و بیەوێت هێرش بکاتە سەر ئەمریکییەکان لە بەحرەین.
رووداو