لەلایەن ناوەندی دادی ئێرانەوە دەستی دوو بەندكراو بڕدرانەوە

لەلایەن ناوەندی دادی ئێرانەوە دەستی دوو بەندكراو بڕدرانەوە
سزای بڕینەوەی دەستی دوو بەندكراو لە زیندانی مەشهەد لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە جێبەجێ‌ كرا.

بەپێی راپۆرتی كەمپەینی بەرگری لە بەندكراوانی سیاسی و مەدەنی، حوكمی ئەو دوو بەندكراوە كە بە تۆمەت دزی بووە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە پەسەند كراوە و دوێنێ‌ دووشەممە بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی دادی ئێران لە زیندانی ناوەندی مەشهەد بەڕێوە چووە.

ناوی یەكێك لە تۆمەتباراەكان (م.ع) راگەیەنراوە و ناوی ئەوی دیكەیان بڵاو نەكراوەتەوە.

دەگوترێت یەك لەو دزانە بە شكاندنی دەرگای ماڵی هاووڵاتییەك چەندین ملیۆن دۆلار و تمەن و كەلوپەلی دیكەی دزیبوو.

یەكێكی دیكە لە تۆمەتباران چەندین حاڵەتی دزیی ماڵان و كەلوپەل و زێڕ و زیوی خەڵك لە دۆسیەكەیدا تۆمار كراوە، لەلایەن دەدگاوە سزای بڕینەوەی قامكی دەستی بۆ بڕایەوە و دوێنێ‌ حوكمەگەی بەڕێوە چووە.

سزای بڕینەوەی دەست، قامكەكانی دەست، دەرهێنانی چاو و بەردباران لە یاساكانی سزای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هێشتا ماوە و ئەمە لە كاتێك دایە چەندین جار ئێران لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان بەڵێنیی داوە ئەو سزایانە هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام هەتا ئێشتەش هەر جێبەجێ‌ دەكرێن.



























باسنیوز
Top