له‌ تونس گه‌ڕان به‌ دوای چه‌كدارانی به‌شداربووی هێرشه‌كه‌ى رۆژى هه‌ینى به‌رده‌وامه‌

له‌ تونس گه‌ڕان به‌ دوای چه‌كدارانی به‌شداربووی هێرشه‌كه‌ى رۆژى هه‌ینى به‌رده‌وامه‌
پۆلیسی تونس ده‌ستی به‌ پرۆسه‌یه‌كی گه‌ڕان و پشكنین كرد بۆ دۆزینه‌وه‌و ده‌ستگیركردنی چه‌كدارانی به‌شداربوو له‌و هێرشه‌یكه‌ رۆژى هه‌ینى كرایه‌ سه‌ر ئوتێلێكی گه‌شتیاری له‌ شارى سوسه‌ و ده‌یان كوژراو و بریندارى لێكه‌وته‌وه‌.

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی تونس رایگه‌یاند ئاشكرایه‌ كه‌ سه‌یفه‌دین رزقی ته‌مه‌ن 24 ساڵ له‌و هێرشه‌دا به‌ ته‌نیا نه‌بووه‌ به‌ڵكو یارمه‌تی له‌ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ وه‌رگرتووه‌، پێشتر ده‌سه‌لاتدارانی تونس باوك و سێ هاورێى چه‌كداره‌كه‌یان ده‌ستگیر كرد .

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نه‌ته‌وه‌یی تونس كۆمه‌ڵێك بڕیاری ده‌ركرد بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی تیرۆر ئه‌ویش بلاوه‌پێكردنی ژماره‌یه‌ك یه‌كه‌ی ئاسایش له‌ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان و ئوتێله‌كان و چاودێریكردنی ئینته‌رنێت به‌ شێوه‌یه‌كی توند .

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی بی بی سی ژماره‌ی ئه‌و به‌ریتانیانه‌ی كه‌ له‌و هێرشه‌دا كوژراون روو له‌ زیادبوون ده‌كات و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ژماره‌كه‌ بگاته‌ 30 كه‌س .

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ شاژنی به‌ریتانیا ئیلیزابیت پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی بۆ خانه‌واده‌ی قوربانیانی ئه‌م هێرشه‌ راگه‌یاند، شایانی باسه‌ له‌و هێرشه‌ی ئوتێلی گه‌شتیاری ئه‌میریال له‌ شاری سوسه‌ی تونسی 38 كه‌س كوژران .
Top