ئێران دژی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستانە

ئێران دژی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستانە
باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە دەڵێت " تورکیا و ئێران لەسەر پرەنسیپی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا هاوڕان و دروستبوونی دەوڵەتی کوردی پیلانێکە لە دژی تورکیا ".

بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی ڕووداو، عەلی رەزا بیگدلی، باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند " دەبێ تورکیا و ئێران هاوئاهەنگی یەکدی بن بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدانی دەوڵەتی کوردی لە باکووری سووریا".

عەلی رەزا بیگدلی دەڵێت "فراوانبوونی دەسەڵات و رووبەری ژێردەستی شەڕڤانانی پارتی یەکێتی دیموکرات (PYD) بە پاڵپشتی و هاوکاری هێزە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكان لە ناوچەکانی باکووری سووریا، پیلانێکە لە دژی دەوڵەتی تورکیا".

باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە هاوکات داوای لە هەموو لایەنە کاریگەرەکان لە ناوچەکە کرد هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا و پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەی چڕبکەنەوە ".

ئەم لێدوانانەی باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە لەکاتێکدایە کە رۆژی 27/6/2015 رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری کی تورکیا راگەیاند، تورکیا بە هیچ شێوەیەک و رێگە بە سەرهەڵدانی دەوڵەتێکی کوردی لە سەر سنووری باشووری خۆی لە سووریا نادات و باجەکەی هەرچەند بێت دەیدات.
Top