لە تایوان ئاگر لە ئەکواپارکێک كەوت و زیاتر لە ٥٠٠ کەس برینداربوون

لە تایوان ئاگر لە ئەکواپارکێک كەوت و  زیاتر لە ٥٠٠ کەس برینداربوون
تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە ئەکواپارکی فۆرمۆسا لە تایوان، برینداربوونی زیاتر لە ٥٠٠ کەسی لێکەوتەوە.

شەوی ڕابردوو لە ئەکواپارکێکی خۆشی و کات بەسەربردن لە تایپی پایتەختی تایوان، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە زیاتر لە ٥٠٠ کەس بریندار بوون و برینی ١٨٠ کەسیشیان سەختە.

ئاگرەگە لەسەر یەکێک لە ستەیجی پارکەکە کەوتووەتەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش، کاتێک پاودەری دروستکردنی ڕووناکییە فرە ڕەنگەکان بڵاودەکرێتەوە، بەهۆی گەرمی تینی دروستکەری ڕووناکییەکانەوە، ستەیجەکە کڵپە دەکات و زیاتر لە ٥٠٠ کەس بریندار دەکات.

سەرجەم بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

هاوکات بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە هەزار کەس لەو کاتەدا لەنزیک ستەیجەکەوە بوون و ئاگرەکەش بەزوویی کۆنترۆڵ کراوە.

شایەتحاڵێک بە ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی وتووە: "ئاگرەکە لەلای چەپی ستەیجەکەوە دەستیپێکرد، سەرەتا وامزانی ئەو ئاگرەش بەشێکە لە ڕازاندنەوە و جوانی بەخشین بە پارکەکە تا وای لێهات ژمارەیەکی زۆر لە ئامادەبووانی بریندار کرد".

بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە هۆکاری ئاگرەکە، ئەکواپارکی فارمۆسا داخرا.
Top