دادگای‌ لاهای‌، مالیكی و چه‌ند هاوكارێكی‌ دادگایی ده‌كات

دادگای‌ لاهای‌، مالیكی و چه‌ند هاوكارێكی‌ دادگایی ده‌كات
دادگای‌ تاوانه‌كان له‌ لاهای‌، به‌تۆمه‌تی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌، بڕیاریدا به‌ دادگاییكردنی‌ نوری‌ مالیكی و ژماره‌یه‌ك له‌ هاوكارانی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی‌ حكومه‌تی‌ عیراقی فیدڕاڵدا، به‌پێی زانیارییه‌كانی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كیش، پیاوێكی‌ عیراق كه‌ كوڕێكی‌ رفێندراوه‌ و تائێستا چاره‌نووسی‌ دیار نییه‌، دوای‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هه‌زاران ئیمزا، له‌و دادگایه‌ سكاڵای‌ له‌ مالیكی كردووه‌.

ژماره‌یه‌ك له‌ ماڵپه‌ڕه‌ عیراقییه‌كان له‌سه‌ر زاری‌ محه‌ممه‌د كه‌عبی‌، وته‌بێژی‌ دادگای‌ لاهای‌ بۆ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ نوری‌ مالیكی، سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ حكومه‌تی‌ فیڕاڵ و ژماره‌یه‌ك له‌ هاوكارانی‌، له‌ دادگاكه‌یان سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركراوه‌ و به‌تۆمه‌تی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌، دادگا داوایان ده‌كات.

وته‌بێژه‌كه‌ روونیكرده‌وه‌، كه‌ جگه‌ له‌ مالیكی، هه‌ر یه‌ك له‌ فه‌ریق روكن فاروق ئه‌عره‌جی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نووسینگه‌ی‌ سه‌ربازی‌ و فه‌ریق روكن عه‌لی‌ غه‌یدان، فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ وشكانییه‌كانی‌ و سه‌عدون دلێمی‌، وه‌زیری به‌وه‌كاله‌تی‌ به‌رگری‌ و عه‌دنان ئه‌سه‌دی، وه‌كیلی پێشكه‌وتووی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و زوهێر غه‌رباوی‌، سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ و فه‌ریق قاسم عه‌تا، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پرۆسه‌كان له‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ و فه‌ریق تاڵب شه‌غاتی‌، سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ دژه‌ تیرۆری عیراق، كه‌ سه‌رجه‌میان له‌سه‌رده‌می‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی ئه‌و پۆستانه‌یان بووه‌، بانگهێشتی‌ دادگا ده‌كرێن.


ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ دادگا دۆسیه‌ی ته‌واوی‌ له‌به‌رده‌سته‌ به‌و تاوانانه‌ی‌ مالیكی و هاوكاره‌كانی‌ ئه‌نجامیانداوه‌، كه‌ بریتین له‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ له‌هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی‌ كه‌ركوك، و ئه‌نبار، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان و پێشێلكردنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و په‌یڕه‌وكردنی‌ چه‌ندین جۆری‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان و پێشێلكردنی‌ ئازادییه‌كانی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌، كه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ رێكه‌وتنه‌كانی‌ جنێف و په‌یماننامه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و یاسای نێوده‌وڵه‌تین.

سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌تیش به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند :" پێشتر پیاوێك به‌ناوی‌ عوده‌ی‌ روبه‌یعی، كه‌ كوڕێكی‌ له‌سه‌رده‌می‌ حوكمی‌ مالیكیدا رفێندراو تائێستا چاره‌نووسی‌ دیار نییه‌، هه‌زاران ئیمزای‌ له‌سه‌ر به‌دادگایی گه‌یاندنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشوو، كۆكرده‌وه‌ و پێشكه‌شی‌ دادگای‌ لاهای‌ كرد".


xendan
Top