میلیشیا حووسییه‌كان پاڵاوتگه‌ى نه‌وتی به‌نده‌ری عه‌ده‌ن و گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری ته‌عز بۆردومان ده‌كه‌ن

میلیشیا حووسییه‌كان پاڵاوتگه‌ى نه‌وتی به‌نده‌ری عه‌ده‌ن و گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری ته‌عز بۆردومان ده‌كه‌ن
رۆژی شه‌ممه‌ میلیشیا حووسییه‌كان پاڵاوتگه‌ی نه‌وتی به‌نده‌ری عه‌ده‌نیان بۆردومان كرد كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بیدایه‌و له‌ ئاكامی ئه‌و بۆردومانه‌دا ئاگرێكی گه‌وره‌ له‌ پالوتگه‌كه‌ به‌ربووه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ میلیشیا حووسییه‌كان و هێزه‌كانی عه‌لی عه‌بدوڵڵا سالح به‌ تۆپی قورس و به‌ تانك له‌هه‌موو به‌ره‌كانی ڕوو به‌ ڕوو بوونه‌وه‌دا له‌ ته‌عز چیای جه‌ڕه‌و ده‌وروبه‌رو گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه‌یان بۆردومان كردو چه‌ندان ته‌قینه‌وه‌ له‌ چیای جه‌ڕه‌و گه‌ڕه‌كی وادی جه‌دیدو عه‌صێفره‌و شه‌قامی چلی و ته‌پۆڵكه‌ى برایان له‌ شاره‌كه‌ روویان دا.

له‌ شاری یه‌ریمیش هێزه‌كانی به‌ره‌نگاری میللی له‌ بۆسه‌یه‌كدا هێرشیان كرده‌ سه‌ر كاروانێكی میلیشیا حووسییه‌كان كه‌ به‌ره‌و شاری ته‌عز ده‌ڕۆیشتن و له‌ ئاكامدا حه‌وت چه‌كداری حووسی كوژران و پێنجی دیكه‌یش برینداربوون و كامیۆنێك به‌ چه‌كه‌وه‌ سووتێنرا.

لاى خۆیانه‌وه‌ فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی هێرشیان كرده‌ سه‌ر خانووى چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی میلیشیا حووسییه‌كان و یاریده‌ده‌رانی عه‌لی عه‌بدوڵلا سالح له‌ شاری عه‌ده‌ن و سه‌ربازگه‌ى ماس له‌ باشووری مه‌ئره‌ب. هاوكات فه‌رمانده‌یه‌كی حووسییه‌كان له‌ پارێزگه‌ى حوده‌دیه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ كوژرا.
Top