حکوومەتی توونس لە ترسی بەرزبوونەوەی توندی و تیژییەکان هەشتا مزگەوتی داخست
زۆربەری قوربانیانی هێرشی سەر میوانخانەکەی توونس، هاووڵاتیانی ئەوروپایی و خەڵکی بەریتانیا، ئەڵمانیا و بەلجیکا بوون.
گروپی ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بەرپرسیارییەتیی هێرشی سەر میوانخانەکەی شاری "سووسە"ی باکووری خۆرهەڵاتی توونسی گرتە ئەستۆ.
بە پێی هەواڵێکی بی. بی. سی، سەرۆک وەزیرانی توونس، حەبیب ئەلسەید، گوتی: ئەو مزگەوتانەی لە ژێر دەستەڵاتی حکوومەت دانینن، بە مەبەستی بانگشە و هاندانی تیرۆریستان کەڵکیان لێوەردەگیرێت.
بڕیارە ئەم مزگەوتانە هەتا هەفتەی داهاتوو بە داخراوی بمێننەوە.
پۆلیس، هێرشبەری سەر میوانخانەی شاری سووسەی بە گوللـە کوشت و بەرپرسانی توونسی دەڵێن، هێرشبەرەکە خوێندکار بووە و پێشتر لە ژێر چاودێردا نەبووە.
لە مانگی مارسی ئەمساڵدا لە پایتەختی توونس هێرشێکی تیرۆریستیش کرایە سەر مۆزەخانەیەک و بوو بە هۆی کورژانی ٢٢ کەس.
(PNA)