جۆن كێری: ئەگەر ئێران پابەندی بەڵێنییەكانی لۆزان نەبێت رێككەوتن سەرناگرێت
جۆن كێری كە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لە كاتی جێهشتنی واشنتۆن بۆ ڤیەن، بە هەواڵنێرانی گوتووە: “ئەگەری زۆرە كە ئێران پابەندی خاڵەكانی رێككەوتنی لۆزان نەبێت و ئەگەر بێت و شتێكی لەو چشەنە روو بدات، ئێمە لەگەڵ ئێران ناگەینە رێككەوتنی كۆتایی.”
ئەم لێدوانانەی جۆن كێری لە كاتێك دان كە فەرەنسا و ئەڵمانیاش نیگەرانیی خۆیان لە رەوتی دانوستانەكان و هەڵوێستی ئێران و بەتایبەتی لێدوانەكانی رۆژی سێشەممەی خامنەیی دەربڕیوە.
لە رۆژانی رابردوودا خامەنیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بە دیاریكردنی چەند مەرج و رێشوێنێك بۆ قەبووڵ كردنی رێككەوتنی ناوكی و جەختی لەسەر پێداگریی وڵاتەكەی بۆ درێژەدان بە چالاكیی ئەتۆمی كردەوە و ئاشكرای كرد بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەن لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە ناوەندە ئەتۆمی و سەربازییەكانیان بپشكێنرێن.
لە حاڵێكدا تەنیا 5 رۆژ بۆ دوایین مۆڵەتی دیاریكراو بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك ماوە، بەڵام هەموو لایەنەكان نیگەرانیی خۆیان لە رەوتی دانوستانەكان دەربڕیوە و هیوایەكیان بەو رێككەوتنە نییە.
باسنيوز