جیاكردنه‌وه‌ی رۆژی ژنان و پیاوان له‌بازاڕێكی فه‌ره‌نسا هه‌را ده‌نێته‌وه‌

جیاكردنه‌وه‌ی رۆژی ژنان و پیاوان له‌بازاڕێكی فه‌ره‌نسا هه‌را ده‌نێته‌وه‌
پاش ئه‌وه‌ی بازاڕێكی ئیسلامی له‌ فه‌ره‌نسا سیستمی جیاكردنه‌وه‌ی‌ له‌نێوان ژنان و پیاوان په‌یڕه‌و كرد، شه‌پۆلێكی توڕه‌یی له‌و وڵاته‌دا سه‌ریهه‌ڵدا و زۆرێك له‌ خه‌ڵك به‌ جۆرێك له‌جیاكاریی ره‌گه‌زی ناوی ده‌به‌ن.

پاش ئه‌و شه‌پۆله‌ توڕه‌ییه‌ خاوه‌نانی بازاڕه‌‌كه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ میوه‌ و سه‌وزه‌فرۆشتن ناچاركران ئه‌و سیسته‌مه‌ هه‌ڵبووه‌شێننه‌وه‌.

رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو بازاڕ‌ی De L'Orient à L'Occidental له ‌شاری بۆردۆ له‌ژێر فشاری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ و رای گشتیدا ناچاركرا ئه‌و سیسته‌مه‌ هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ پیاوان ده‌یان توانی ته‌نیا له ‌رۆژانی دووشه‌ممه‌ و سێشه‌ممه ‌و چوارشه‌ممه ‌و هه‌ینیدا بچنه‌ ئه‌و بازاڕه‌ ‌و رۆژانی شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ش كه‌ له ‌ئه‌وروپا كۆتایی هه‌فته‌یه‌، تایبه‌ت بوو به‌ ژنان.

ماڵپه‌ڕی رۆژنامه‌ی "سود كویست"ی فه‌ره‌نسی بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌م سیستمه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ره‌نسای وروژاندووه‌ و ئالان ژۆپیێ سه‌رۆكی شاره‌وانی بۆردۆ له‌ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ره‌وه‌ داوایكرد سنوورێك بۆ ئه‌م كاره‌ جیاكارییانه‌ دابنرێت.

هه‌ر له‌ڕێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌ نه‌عیمه‌ شارای سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كسانی فه‌ره‌نسا بێزاری و توڕه‌یی خۆی له‌م سیسته‌مه‌ ده‌ربڕی و وتی، دیاریكردنی كاتی جیا بۆ بازاڕكردنی ژنان و پیاوان كارێكه‌ قبوڵ ناكرێت و پێویسته‌ خاوه‌نانی ئه‌و بازاڕه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ هه‌ڵبووه‌شێننه‌وه ‌و رێز له‌ جه‌ماوه‌ر بگرن.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ماریك فتوح جێگری سه‌رۆكی شاره‌وانی بۆردۆ كه‌ راسپێدراوی دۆسیه‌ی یه‌كسانییه‌ له ‌ناوچه‌كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، بازاڕ‌كه‌ به‌گوێره‌ی كاره‌ نموونه‌ییه‌كانی موسڵمانانی ناوچه‌كه‌ كارناكات.






























خه‌ندان
Top