پریشكی شه‌ڕی سوریا گه‌یشته‌ ئیسرائیل

پریشكی شه‌ڕی سوریا گه‌یشته‌ ئیسرائیل
ئه‌مشه‌وی ڕابردوو له‌لایه‌ن هاووڵاتییانی دروزی ئیسرائیله‌وه‌، هێرش كرایه‌ سه‌ر ئه‌مبۆلانسێكی سوپای ئیسرائیل كه‌ دووچه‌كداری برینداری سوریی تێدابوو، له‌ئه‌نجامدا یه‌كێك له‌ برینداره‌كانیان كوشت و، ئه‌وی تریشیان زۆر به‌سه‌ختی بریندار كردووه‌. هاوكات دوو سه‌ربازی سوپای ئیسرائیلیش به‌سوكی بریندار بوون. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م ڕووداوی له‌جۆری خۆیه‌تی و، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پریشكی جه‌نگی سوریا له‌ ناوچه‌ دروز نشینه‌كانی باكور جۆلان له‌ ئیسرائیل نزیك ده‌بێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كان، له‌سه‌ره‌تادا به‌هۆی تێپه‌ڕینی ئه‌مبۆلانسه‌كه‌ به‌ نزیكی گوندی”مه‌جده‌ل شه‌مس” دا، هاووڵاتییان به‌ردبارانیان كردووه‌، پاشان ڕێگه‌كه‌یان لێ گرتووه‌. هه‌ردوو برینداره‌كه‌یان هێناوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌مبۆلانسه‌كه‌.

ڕادیۆی ئیسرائیل ئاشكرای كرد: ” هاووڵاتییه‌كان ده‌ست به‌جێ یه‌كێك له‌ برینداره‌كانیان كوشتووه‌” ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ “شیخ موه‌فه‌ق ته‌ریف” سه‌رۆكی ڕۆحی دروزه‌كانی ئیسرائیل زۆر به‌توندی نیگه‌رانی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت.

باوكی ڕۆحی دروزه‌كان داوای له‌ تایفه‌كه‌ی خۆی كرد: ” به‌وردی و هێمنی و ئه‌قڵانیه‌ت مامه‌ڵه‌ بكه‌ن. چونكه‌ ئاینی دورزی ڕێگه‌ نادات به‌وه‌ی ده‌ستدرێژی بكرێته‌ سه‌ر هیچ كه‌سێك، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ له‌ژێر چاره‌سه‌ری پزیشكیدا بوو”.

له‌لای خۆیه‌وه‌ “بنیامین ناتانیاهۆ” سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ كرد و، دوای كرد زۆر به‌په‌له‌ كار بكرێت بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌. هه‌موو جۆره‌ ئاسته‌نگێكیشی بۆ ئه‌ركه‌كانی سوپا به‌توندی ڕه‌تكرده‌وه‌.

“گادی ئیزنكۆت” سه‌رۆكی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپای ئیسرائیلیش، ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر برینداره‌ سورییه‌كانی سه‌ركۆنه‌ كردوو، گوتی: ” ڕه‌فتارێكه‌ ناچێته‌ ئه‌قڵه‌وه‌”.

وته‌بێژی فه‌رمی سوپای ئیسرائیلیش هه‌رجۆره‌ هاوكاری كردنێكی به‌ره‌ی نوسره‌ی ڕه‌ت كردووه‌، ته‌نها گوتی: ” هاوكاری ئه‌و بریندارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌گه‌نه‌ سه‌ر سنوری هاوبه‌شی نێوانمان”.

“موشیه‌ یه‌علون” وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل گوتی: ” ڕووداوه‌كه‌ به‌بێ سزا تێپه‌ڕ نابێت” گوتیشی: ” ڕێگه‌ نادرێت به‌ كه‌مایه‌تییه‌كی بچوك كه‌ توخنی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ نایابه‌ بكه‌ون كه‌له‌نێوان ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل وهاووڵاتییه‌ دروزه‌كانیدا هه‌یه‌”.


























باسنيوز
Top