ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانی ئه‌فغانستان روویدا

ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانی ئه‌فغانستان روویدا
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له‌ناو په‌رله‌مانی ئه‌فغانستان روویدا و بزووتنه‌وه‌ی تالیبانیش به‌رپرسیارێتی خۆی له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ راگه‌یاند.

ته‌قینه‌وه‌كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری به‌ په‌رله‌مانی ئه‌فغانستان، به‌ڵام وه‌ك زه‌بیحوڵڵا موجاهد، وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی تالیبان له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر ئاماژه‌ی پێداوه‌، چه‌ند چه‌كدارێكیش خۆیان كردووه‌ به‌ ته‌لاری په‌رله‌مان و ته‌قینه‌وه‌ و شه‌ڕ و پێكدادان دروستبووه‌.

موجاهید ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ چه‌كداره‌كانیان چوونه‌ته‌ ناو په‌رله‌مان و له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی وه‌زیری به‌رگری، شه‌ڕ و پێكدادانیش ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڵام تائێستا زیانه‌ گیانییه‌كانی ئه‌و هێرشه‌ نازانرێت.

هاوكات عه‌بدوڵڵا كه‌ریمی، وته‌بێژ به‌ناوی پۆلیسی كابولی پایته‌خت به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی رایگه‌یاند، ته‌قینه‌وه‌ له‌ناو ته‌لاری په‌رله‌مان بووه‌ و به‌ره‌و شوێنی رووداوه‌كه‌ ده‌ڕۆن.

له‌ مانگی نیسانی رابردووه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی تالیبان هه‌ڵمه‌تێكی بۆ سه‌ر ئامانجه‌ حكومی و بیانییه‌كان به‌ناوی (هێرشی به‌هار) ده‌ستپێكردووه‌ و بۆ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزیش داوایه‌كی پیاوانی ئایینی وڵاته‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌ هێرشه‌كانی.



























خه‌ندان
Top