دەستدرێژییە بەكۆمەڵەكەی تاران پەرلەمانتارانی هێنایە دەنگ
رۆژنامەی “قانون”ی چاپی ئیچران رۆژی سێشەممەی حەفتەی پێشوو لە راپۆرتێكدا لەزاری چەند شایەتحاڵێكەوە ئاماژەی بە دەستدرێژیی بەكۆمەڵی 6 پیاو بۆ سەر كچێكی تمەن 11 ساڵ لەژێر یەكێك لە پردەكانی تاران كردبوو.
بەپێی همان راپۆرت ئەو 6 پیاوە بەهۆی بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان لە حاڵەتی ئاساییدا نەبوون.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە كە بە شێوەیەكی بەرفراوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگی دایەوە، هەتا ئێستە لەلایەن بەرپرسانی داد و هێزی ئینتزامیی ئێرانەوە بە فەرمی هیچ هەڵوێستێك دەرنەبڕاوە.
دوو پەرلەمانتاری كورد و توركی ئازەری لە پەرلەمانی ئێران لە دیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی تابناكدا لەم بارەوە پەرچەكرداریان نواندووە.
“رەسووڵ خزری” نوێنەری شارەكانی سەردەشت و پیرانشار و ئەندامی كۆمیسیۆنی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: “بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە جۆری “شیشە” بووەتە هۆی روودانی ئەم كارە كە یەكێك لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی بەكارهێنانی “شیشە” شێتی و ئاڵۆشیی جینسییە، هەروەك دەبینین ئەم كارەساتەی لێكەوتووەتەوە.”
رەسوول خزری ئاماژەی بەوەش كردووە: “لە وڵاتێكدا كە ئیدیعای ئیسلامی بوون دەكەین، نابێ هەروا بە ئاسانی بەسەر ئەم بابەتانەدا تێپەڕین، بۆیە دەبێ ئەوانەی لەم بارەوە بەرپرسیارن و تەنانەت ئەوانەش كە بەرپرسیار نین، یانی دەبێ خەڵك لەم بارەوە بێنە دەنگ، چونكە هەموومان لەم بارەوە بەرپرسیارین.”
لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە داوە لە وڵاتانی دیكە خەڵك لە بەرانبەر ئەو جۆرە پرسانەدا هەڵوێست و پەرچەكرداری توند لەخۆی نیشان دەدەن و كۆبوونەوە دەگرن و ئیدانەی دەكەن، كەچی بەداخەوە لە ئێران ئەم پرسانە پشتگوێ دەخرێن كە سەرەنجام دەبنە هۆی دووپاتبوونەوەیان.”
هاوكات “جەواد جەهانگیرزادە” پەرلەنتاری توركی ئازەری و ئەندامی كۆمیسۆنی ئەمنیەتی میللی لە پەرلەمانی ئێران لەم بارەوە بە ماڵپەڕی تابناكی گوتووە: “ئەم رووداوە، رووداوێكی تۆقێنەرە كەلە ئێران رووی داوە و ئەمە نە لەگەڵ دین و ئایینی ئێمەدا دەگونجێ و نە لەگەڵ كولتووری ئێمە، بۆیە دەبێ پۆلیس و رێكخراوی بێهزیستی لەم بارەوە وەڵامدەر بن، بۆیە من بەڵێنیتان پێدەدەم كە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەكەم.”
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش داوە كە “درێژەی ئەم رەوتە، دەتوانێ ببێتە هۆی داڕووخانێكی ئەخلاقیی مەزن لە ئێران ، بۆیە داواكاریی گشتیی تاران دەبێ پەیجۆری ئەم پرسە بێت، چونكە ئەم رووداوە روسخاری كۆمەڵگە ناشیرین دەكات.”
گەورەترین دۆسیەی دەستدرێژیی بەكۆمەڵ لە ساڵانی رابردوو لە ئێران، هێرشی كۆمەڵێك پیاو بوو بۆ سەر میوانییەك لە شاری “خومەینی شەهر”ی ئیسفەهان كە بەكۆمەڵ دەستدرێژییان كردە سەر ژنانی بەشداری ئەو میوانییە.
لەو رووداوەدا كە 3 ساڵ لەمەوپێش رووی دا 13 هێرشبەری چەقۆ و قەمە و داربەدەست چوونە ناو یەكێك لە باخەكانی دەوروبەری “خومەینی شەهر”ی ئیسفەهان و 8 پیاوی بەشداری ئەو جەژنەیان دەستبەسەر و بە رفاندنی ژنەكان لە شوێنێكی دیكە بەكۆمەڵ دەستدرێژییان كردە سەریان.
بەپێی هەواڵە فەرمییەكانی ئەوكات هەرچەند 4 كەس لە تاوانبارانی ئەو دۆسیەیە هەمان ساڵ لەسێدارە دران، بەڵام بەڕای كارناسانی كۆمەڵایەتی مەسەلەی دەستدرێژیی بەكۆمەڵ لە ئێران بە سێدارە و ترس و تۆقاندن بنبڕ ناكرێت، بەڵكوو دەبێ هۆكارە بنەڕەتییەكانی ببینرێـەوە و هەوڵ بۆ چارەسەركردنیان بدرێت.