بۆ ئازادكردنی موباره‌ك 10 ملیار دۆلار ده‌درێت

بۆ ئازادكردنی موباره‌ك 10 ملیار دۆلار ده‌درێت
ماڵپه‌ڕی ویكیلیكس بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رپرسانی سعودیه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان حوسنی موباره‌ك سه‌رۆك كۆماری پێشووتری وڵاتی میسر ئازاد بكه‌ن.

ماڵپه‌ڕی ویكیلیكس كه‌ تائێستا زیاتر له‌ 60 هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌ی سیاسی و دبلۆماسی نهێنی سعودیه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ له‌ نوێترین به‌ڵگه‌دا ئاشكرایكردووه‌، ریاز بڕی 10 ملیار دۆلاری ته‌رخان كردووه‌ بۆ ئازادكردنی حوسنی موباره‌ك سه‌رۆك كۆماری پێشووتری میسر.

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان سعودیه‌ ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئازادكردنی موباره‌ك بڕی 10 ملیار دۆلار بداته‌ میسر.

پاش ئه‌وه‌ی كه‌ به‌هاری عه‌ره‌بی چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی له‌وانه‌ میسری گرته‌وه‌ حوسنی موباره‌ك سه‌رۆك كۆماری پێشووتری میسر ده‌ستی له‌ كاره‌كه‌ی كێشایه‌وه‌و دواتر درایه‌ دادگاو به‌چه‌ند ساڵ زیندان سزادرا.

هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ په‌یوندی نێوان میسر و سعودیه‌، ساردی و سڕی تێكه‌وێت، به‌ڵام دوای له‌سه‌ر كارلابردنی محه‌مه‌د مورسی له‌لایه‌ن عه‌بدولفه‌تاح سیسیه‌وه‌ دووباره‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ریازو قاهیره‌ ئاسایی بوه‌وه‌.
Top