ئه‌حمه‌د مه‌نسوور ده‌ستگیر كرا

ئه‌حمه‌د مه‌نسوور ده‌ستگیر كرا
پارێزه‌رێكی‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ جه‌زیره‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌سه‌ر داوای‌ حكومه‌تی‌ میسر، یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌نووسه‌ دیاره‌كانی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ ده‌ستگیر كراوه‌.

سه‌عد جه‌بار پارێزه‌ری نێوده‌وڵه‌تی‌ كه‌ پارێزه‌ری‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ جه‌زیره‌یه‌، رایگه‌یاند: دوێنێ‌ شه‌ممه‌ له‌سه‌ر داوای‌ حكومه‌تی‌ میسر، ئه‌حمه‌د مه‌نسور رۆژنامه‌نووسی‌ دیاری‌ كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی‌ به‌رلین ده‌ستگیر كراوه‌.

سه‌عد جه‌بار وتی‌: "ئه‌حمه‌د مه‌نسور كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ رۆژنامه‌ دیاره‌كانی‌ خزمه‌تگوزاری‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ناڵه‌كه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ستگیر كراوه‌".

لای‌ خۆیه‌وه‌ وته‌بێژی پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ ئه‌ڵمانیا جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ به‌پێی‌ یاداشتێكی‌ ده‌ستگیركردنی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ میسره‌وه‌ پێشكه‌ش كراوه‌، سه‌عات 1:20 ده‌قیقه‌ به‌ كاتی‌ گرینیچ ئه‌حمه‌د مه‌نسوری‌ ته‌مه‌ن 52 ساڵ‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ تیجیل له‌ به‌رلین ده‌ستگیر كراوه‌.

وته‌بێژه‌كه‌ی پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند كه‌ داواكاری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ناسنامه‌ی‌ ئه‌و كه‌سه‌ و ئه‌گه‌ری‌ راده‌ستكردنی‌ به‌ وڵاتی‌ میسر ده‌كات.

پێشتر دادگای‌ كه‌تنه‌كانی‌ قاهیر به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ پارێزه‌رێك له‌ گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریر له‌ ساڵی‌ 2011دا به‌ نائاماده‌یی سزای‌ 15 ساڵ‌ زیندانی‌ به‌سه‌ر ئه‌حمه‌د مه‌نسووردا سه‌پاند كه‌ هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ میسری‌ و به‌ریتانییه‌ و ئه‌وكاته‌ كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌ هاته‌ده‌نگ و جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و تۆمه‌ته‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌ و ئامانج لێی‌ بێده‌نگ كردنی‌ ئه‌حمه‌د مه‌نسووره‌.

پارێزه‌ره‌كه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌ وتیشی‌: "ئه‌مه‌ پێشهاتێكی‌ مه‌ترسیداره‌.. ئێمه‌ ده‌مانزانی‌ كه‌ میسرییه‌كان سه‌رقاڵی‌ دانانی‌ ئه‌و داوه‌ن بۆ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌مان و هه‌رواشیان كرد".

راشیگه‌یاند مه‌نسوور له‌ كاتی‌ سه‌ركه‌وتن بۆ فڕۆكه‌یه‌كی‌ سه‌ر به‌ هێڵی‌ ئاسمانی‌ قه‌ته‌ر له‌ به‌رلینه‌وه‌ بۆ ده‌وحه‌، ده‌ستگیر كراوه‌.
به‌رپرسانی‌ میسر، كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ زمانحاڵی‌ گروپی‌ ئیخوان موسلمینه‌ كه‌ له‌لایه‌ن قه‌ته‌ره‌وه‌ پشتیوانییان لێده‌كرێت، به‌تایبه‌ت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ 2013دا سوپای‌ میسر ده‌ستی‌ له‌ بارودۆخی‌ ئه‌و وڵاته‌ وه‌ردا و محه‌مه‌د مورسی‌ سه‌رۆكی‌ میسری‌ سه‌ر به‌ ئیخوانه‌كانی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ دوورخسته‌وه‌.






















خه‌ندان
Top