عیراق هۆشداری ده‌داته‌ به‌حره‌ین

عیراق هۆشداری ده‌داته‌ به‌حره‌ین
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق نیگه‌رانیی ده‌ربڕی بۆ سه‌پاندنی سزای زیندانیكردن به‌سه‌ر پیاوێكی شیعه‌ مه‌زهه‌ب له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌حره‌ینه‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌پێگه‌ی خۆی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق رایگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌پاندنی سزای چوار ساڵ زیندانیكردن به‌سه‌ر شێخ عه‌لی سه‌لمان، ئه‌مینداری گشتی كۆمه‌ڵه‌ی ویفاقی به‌حره‌ین، ره‌نگه‌ ببێته‌هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخه‌كه‌ و چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ خوازیاری چاكسازیی سیاسی و هاتنه‌كایه‌تی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تین.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق داواشی له‌ حكومه‌تی به‌حره‌ین كردووه‌ چاو به‌ سزاكه‌دا بخشێنێته‌وه‌، هۆشداریی له‌وه‌ش داوه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و سزایه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر سه‌قامگیریی شانشینی به‌حره‌ین و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی هه‌بێت، به‌ڵام تائێستا به‌رپرسانی مه‌نامه‌، هیچ وه‌ڵامێكیان بۆ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق نه‌بووه‌.

پێشتر دادگای به‌حره‌ین به‌تۆمه‌تی دژایه‌تیكردنی سیستمی حكومڕانی له‌و وڵاته‌، سزای چوار ساڵ زیندانیكردنی بۆ شێخ عه‌لی سه‌لمان، كه‌سایه‌تیی ئایینی شیعه‌ مه‌زهه‌بی وڵاته‌كه‌ی ده‌ركرد كه‌ له‌ هه‌مانكاتیشدا ئه‌منیداری گشتیی كۆمه‌ڵه‌ی ویفاقی ئۆپۆزسیۆنه‌، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی له‌نێو شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كانی ئه‌و وڵاته‌ لێكه‌وته‌وه‌ و له‌سه‌ره‌تای مانگی ره‌مه‌زانه‌وه‌، خۆپیشاندان له‌و وڵاته‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

پێشتریش له‌ 28ی كانونی یه‌كه‌می رابردوو، ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌حره‌ین، شێخ عه‌لی سه‌لمانیان به‌تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ رووخانی بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستگیركرد و دواتر دادگا له‌و تۆمه‌ته‌ بێبه‌ریی كرد به‌سه‌ریدا ساغی نه‌كرده‌وه‌.



























خه‌ندان
Top