ئه‌مه‌ریكا: ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتگیریكردنی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان

ئه‌مه‌ریكا: ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتگیریكردنی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان
له‌ راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی دا له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی تیرۆریستان؛ ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند كه‌ ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتگیریكردنی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان. به‌پێی راپۆرته‌كه‌؛ نزیكه‌ی 33 هه‌زار كه‌س له‌ هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كانی ساڵی 2014 كوژراون.

رۆژی هه‌ینی ؛ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا راپۆرتی تایبه‌تیی خۆی له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ ساڵی 2014 بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ به‌شێكی راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتگیریكردنی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك حزبولڵای لوبنان و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس.

به‌پێی راپۆرتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا؛ ئێران به‌رده‌وامیشه‌ له‌ هاوكاریكردنی میلیشیا شیعه‌كانی عێراق كه‌ له‌ دژی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ن و رایگه‌یاندووه‌ كه‌یه‌كێك له‌و گروپانه‌ی ئێران هاوكاریی ده‌كات له‌ لیستی گروپه‌كانی تیرۆریستی دایه‌ .

هه‌ر به‌ پێی راپۆڕته‌كه‌؛ له‌ ساڵی 2014 زیاتر له‌ 13 هه‌زار هێرشی تیرۆریستی له‌ 5 وڵات ئه‌نجام دراون و له‌و ساڵه‌دا مانگانه‌ 1122 هێرشی تیرۆریستی روویانداوه‌.

زۆربه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ له‌ عێراق؛ ئه‌فغانستان و پاكستان روویانداوه‌ و زیاتر له‌ 7500 كه‌س كوژراون. هه‌ر به‌ پێی راپۆرته‌كه‌ له‌ ئه‌نجامی 3360 هێرشی تیرۆریستی له‌ عێراق؛ زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌س كوژراون.
Top