شه‌ڕوپێكدادان و بۆردومانكردن له‌ یه‌مه‌ن به‌رده‌وامه‌

شه‌ڕوپێكدادان و بۆردومانكردن له‌ یه‌مه‌ن به‌رده‌وامه‌
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیى شه‌ڕو پێكدادان له‌ نێوان هێزه‌كانی به‌رگری میللی و میلیشی حووسییه‌كان له‌ باشووری رۆژئاوای شاری ته‌عز له‌ یه‌مه‌ن، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به‌ فه‌رمانده‌یی سعوودییه‌ زنجیره‌یه‌ك هێرشی ئاسمانییان كرده‌ سه‌ر ده‌وروبه‌ری شاری ته‌عز.

هاوكات فڕۆكه‌خانه‌ى سه‌ربازی عه‌ته‌ق له‌ پارێزگه‌ى شه‌بوه‌ و ناوچه‌ى غیل له‌ پارێزگه‌ى جۆف و سه‌ربازگه‌یه‌كى گاردى كۆماری سه‌ر به‌ عه‌لى عه‌بدوڵڵا سالح له‌ ناوچه‌ى ئه‌زره‌قه‌ین له‌ باكووری سه‌نعا بۆردومان كران و سه‌رچاوه‌كانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌و هێرشه‌ ئاسمانیانه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رانی حووسییه‌كان كوژراون و چه‌ندان كامیۆنی سه‌ربازی و زرێپۆش و چه‌كی قورس تێكشكێنراون .

هاوكات له‌ ئاكامی بۆردومانكردنی ناوچه‌ی جفینه‌ له‌ پارێزگه‌ى مه‌ئره‌ب ژماره‌یه‌ك له‌ چه‌كداره‌ حووسییه‌كان كوژران و برینداربوون.

لاى خۆیانه‌وه‌ هێزه‌كانی به‌رگری میللی هێرشێكی فراوانیان كرده‌ سه‌ر چه‌كداره‌ حووسییه‌كان و هێزه‌كانی عه‌لی عه‌بدوڵڵا سالح له‌ باشووری رۆژئاوای شاری ته‌عز .

حووسییه‌كانیش به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی گه‌ڕه‌كه‌كانی شارى عه‌ده‌نیان بۆردومان كردو چوار هاووڵاتی كوژران و پتر له‌ 20 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
Top