کۆنگرێس سورە لەسەر پڕچەککردنی کورد

 کۆنگرێس سورە لەسەر پڕچەککردنی کورد
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بلومبێرگ‌ڤیو) هەریەکە لە (جۆنی ئێنست) سیناتۆری کۆمارییەکان و، (باربارا بۆکسەر) سیناتۆری دیموکراتەکان و، لیندسی گرام و چەندین سیناتۆری تری کۆنگرێسی ئەمەریکا سورن لەسەر پەسەندکردنی پرۆژەیاسای لیژنەی بەرگری بۆ پێدانی چەک و تەقەمەنی ڕاستەخۆ بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

ئەوان پێیانوایە تا درەنگتر ئەو کارە بکرێت کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر توانای پێشمەرگە بۆ تێکشکاندنی داعش.
(جۆنی ئێنست) ڕەخنەی لە (جۆن کێری) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گرتووە کە پێشتر گوتوویەتی ئەوە یاسای ئەمەریکایە و دەبێت پێوەی پابەند بین، بەڵام (جۆنی) گوتی ئەگەر بیەوێت دەتوانین ئەو یاسایە بگۆڕین و چاکی بکەین و، بۆ ئەو کارەش فەرمووی کۆنگرێسی دەکەین، ئەوە چارەسەری هەیە.
جگە لە نارەزایی سیناتۆرەکانی کۆنگرێس بەرپرسانی تری ئەمەریکایش نارازین لەسەر نەناردنی چەک ڕاستەوخۆ بۆ پێشمەرگە، لەوبارەیەوە (مایکڵ باربێرۆ) فەرماندە و ژەنەرالی خانەنشینکراو کە بەرپرسی ڕاهێنان و پڕچەککردنی هێزەکانی عێراقی بووە لە ساڵانی (٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١) گوتی، ئێمە بەڵێنەکانی خۆمان بۆ کوردەکان نەبردووەتە سەر و، بە پێچەوانەوە جیاوازیمان کردوە لەگەڵ بەغدا.
هەروەها (جیم جێفری) باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو ڕێگایەی ئێستای ناردنی چەک بۆ پێشمەرگە لە ڕێگای بەغداوە نەگونجاوە و، پێویستی بە دەستکاریکردنە. چونکە لە ڕێگەی بەغداوە چەکەکان درەنگتر دەگەنە دەستی پێشمەرگە ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر توانای شەڕکردنی پێشمەرگە.
شیاوی باسکردنە، سەرباری ئەوەی بەرپرسانی حکوومەتی بەغدا هەوڵیانداوە تێگیراوی بۆ پرۆژە یاسای ناردنی چەک ڕاستەوخۆ بۆ پێشمەرگە دروست بکەن، یاخود بەهەر هۆیەک بێت ئەو تێڕونینانە بگۆڕن، بەڵام کۆنگرێس و، بەشێکی زۆری بەرپرسانی باڵای ئەمەریکایی سوورن لەسەر دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ڕاستەخۆ پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە و، ناردنی چەکی گونجاو بۆیان بە ڕیگاییەکی خێراتر.
Top