بزوتنەوەی تاڵیبان هەڕەشە لە بەغدادی دەکات

بزوتنەوەی تاڵیبان هەڕەشە لە بەغدادی دەکات
بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان پەیامێک بۆ خەلیفەی داعش دەنێرێت و هەڕەشەی لێدەکات، کە ”کارێک مەکەن خۆشەویستیمان بۆ ئێوە نەمێنێت“.

ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، بزووتنەوەی تاڵیبان لەپەیامێکدا، کەئاراستەی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی رێکخراوی داعشی کردووە، رایدەگەیەنێت، زانایانی جیھانی ئیسلامی دانیان بەبزووتنەوەکەیاندا ناوەو پێویستیان بەبونی رێکخراوی داعش نییە لەئەفغانستان.

لەپەیامەکەی بزووتنەوەی تاڵیباندا بۆ بەغدادی ئاماژە بەوەدراوە، کەلەڕوانگەی برایەتی ئایینییەوە دەڕواننە ئەو رێکخراوەو داوادەکەن ھاوکارییان بکەن نەک دەست وەردەنە کارێک ببێتە ھۆکاری نەھێشتنی خۆشەویستییان بۆ ئەو رێکخراوە.

ئاراستەکردنی ئەو پەیامە لەکاتێکدایە کەتائێستا چەندجارێک لەچەند ناوچەیەکی ئەفغانستان روبەڕوبونەوە لەنێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و ئەو رێکخراوەدا روویداوە و بەھۆیانەوە چەند ئەندامێکی بزووتنەوەی تاڵیبان کوژراون.

بزووتنەوەی تاڵیبان رێکخراوێکی چەکداریی ئیسلامی جیھادییە، ساڵی 1994 لەویلایەتی قەندەھاری باشوری رۆژئاوای ئەفغانستان لەسەر دەستی مەلا محەممەد عومەر دامەزراوە.































باسنیوز
Top