حکومەتی تورکیا: دەرگا بەڕووی ئاوارەكان داناخەین
بولەنت ئارینچ، گوتەبێژی حکومەتی تورکیا دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا کە دوێنێ دووشەممە15 ی حوزەیرانی 2015 بەڕێوەچوو، رایگەیاند " ئەگەر لەسەر بنەما سەرەکییەکان پێکهاتن هەبێت حکومەتی هاوپەیمانی پێکدێ، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی تورکیا نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێ ئەو ئەرکە دەدرێتە حیزبی براوەی دووەم و بەڕێز کڵیچدار ئۆغڵو (کەمال کڵیچدار ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری CHP) رادەسپێردرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەگەر ئەویش نەیتوانی، ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە".
ئارینچ هەروەها گوتی " ژمارەیەک لە سەرۆکی حیزبەکان دەرگای گفتوگۆکانیان داخستووە، کە ئەمە کارێکی دروست نییە، ئەوەی کە دەڵێن من ئەو هێڵە سوورانەم هەن و هەرگیز واز (لەو شتە) ناهێنم راست نییە، دەکرێ لەسەر بنەما گشتی و هاوبەشەکان گفتوگۆکان بەڕێوەبچن".
ئارینچ لەبارەی کۆنترۆڵکردنەوەی گرێسپی لەلایەن یەکینەکانی پاراستی گەل YPG و شەپۆلی ئەو کۆچە نوێیەی لە دەروازەی کانیێ غەزالان بەرەو باکووری کوردستان دەستیپێکرد، رایگەیاند" ئەمە لەرووی مرۆییەوە شتێک نییە بە خواستی ئێمە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەرگاکانمان داناخەین و تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 600 هەزار پەنابەر لە تورکیان، رەنگە هەندێک وڵاتانی ئەوروپی بەرامبەر رەوشێکی وا لاڵ و کوێر و کەڕ بن، بەڵام ئێمە ناچار بووین وەریانبگرین".
دوێنێ دووشەممە 15 ی حوزەیرانی 2015 شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و هێزەکانی بورکانی فورات (هێزەكانی یەپەگە و سوپای ئازادی سووریا لەخۆدەگرێت)، تەواوی شارۆچکەی گرێسپی- یان لە رۆژئاوای کوردستان کۆنترۆڵکردەوە.
شەڕڤان دەروێش، گوتەبێژی بورکانی فورات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە شارۆچكەی گرێسپی بە تەواوی لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگەو هێزەكانی بورکانی فوراتەوە کۆنترۆڵکرایەوە. بە كۆنترۆڵكرنەوەی گرێسپی، سنووری هەرێمەكانی جەزیرە و كۆبانێ گەیشتەوە یەک.
رووداو