ناتانیاهۆی ره‌خنه‌ی له‌ راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ غه‌ززه‌ گرت

ناتانیاهۆی ره‌خنه‌ی له‌ راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ غه‌ززه‌ گرت
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو كاردانه‌وه‌ی توندی له‌ دژی راپۆرته‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ غه‌ززه‌ نواند و گوتی: ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئه‌و تۆمه‌ته‌ بێ بنه‌مایانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی خراوه‌ته‌ پاڵ ئیسرائیل ببینێت با بچێ راپۆرته‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌رباره‌ی غه‌ززه‌ بخوێنێته‌وه‌ و كاتی خۆی به‌فیڕۆ بدات.

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هێرشه‌كانی ساڵی رابردووی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ی كردووه‌ته‌ راپۆرت و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ش ره‌خنه‌ی توند له‌ راپۆرته‌كه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌ ده‌گرێت.

بنیامین ناتانیاهو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی قسه‌ی كرد و ئاماژه‌ی به‌ راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دا كه‌ بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو بڵاو بكرێته‌وه‌ و باسی ئه‌وه‌شی كرد له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا دیپلۆمه‌تكاره‌كانی ئیسرائیل و رۆژئاوایی راپۆرتێكیان ئاماده‌ كردووه‌. له‌و راپۆرته‌شدا راستییه‌كانی دوای شه‌ڕی غه‌ززه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئیسرائیل بۆ پاراستنی خه‌ڵكی سڤیل هه‌موو رێگایه‌كی گرتووه‌ته‌ به‌ر به‌ڵام حه‌ماس به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا خاڵكی سڤیلی ئیسرائیلی كردووه‌ته‌ ئامانج و خه‌ڵكی خۆشی وه‌كو قه‌ڵغان به‌كار هێناوه‌. ناتانیاهو ئاماژه‌ به‌وه‌ش دا كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت راستییه‌كان بزانن با بچن ئه‌و راپۆرتانه‌ بخوێننه‌وه‌.

ناوبراو هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئه‌و تۆمه‌ته‌ بێ بنه‌مایانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی خراوه‌ته‌ پاڵ ئیسرائیل ببینێت با بچێ راپۆرته‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی غه‌ززه‌ بخوێنێته‌وه‌ و كاتی خۆی به‌ فیڕۆ بدات. ئێمه‌ له‌مه‌و به‌دواوه‌ش پارێزگاری له‌ سه‌ربازه‌كانمان ده‌كه‌ین و ئه‌وانیش به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پاراستنی ئێمه‌.
Top