ئاژانسەكانی رووسیا: دانوستانە ئەتۆمییەكانی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك راگیراون
بەپێی هەمان راپۆرت، ئەندامی یەكێك لە وەفدە بەشدارەكان رایگەیاندووە كە نوێترین خولی دانوستانەكان لە ڤیەنا رۆژی هەینی رابردوو بەڕێوە چوو، هیچ چەنشە پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە.
بەڕای دیپلۆماتكارە رۆژئاوایی و بەرپرسانی ئێرانی خاڵێك كەلە دانوستانە ئەتۆمییەكانی ئێران و رۆژئاوا و ئەمەریكادا بە چارەسەر نەكراوی ماوەتەوە، پرسی پشكنینی ناوەندە سەربازییەكانی ئێرانە كە ئێران دژایەتیی دەكات.
پێشتریش هەواڵدەریی “ریانوستی”ی رووسی لەزاری “سێرگێئی لاورۆڤ” وەزیری دەرەوەی رووسیا و بەرپرسی تیمی دانوستانكاری رووسیا ئاشكرای كردبوو كە زۆر نیگەرانیی رەوتی هێواشیی بەرەوپێشچوونی دانوستانەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەكن و ئەمەش لە حاڵێك دایە كە تەنیا دوو حەفتە دەرفەت ماوە هەتا كۆتایی كاتی دیاریكراوی نێوان لایەنەكان.
“لۆران فابیۆس” وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە نوێرتین لیدوانیدا لەبارەی پرسی ناوكیی ئێران گوتی : “ئێمە هێشتا لەگەڵ ئێران نەگەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی.”
“رەزا نەجەفی” باڵوێزی نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكی رایگەیاندووە: “رێكخراوە سیخوڕی و هەواڵگرییەكان لە ئەمەریكا لەدژی بەرنامەی ناوكیی ئێران دۆسیەی نوێ ساز دەكەن.”
پاش رێككەوتنی كاتی لە ساڵی 2013 و رێككەوتنی سەرەتایی لە مانگی ئاڤریلی 2015 هەر دوو لایەن هەتا 30ی مانگی ژوئەن دەرفەتیان هەیە كە پێكەوە بگەنە رێككەوتن و ئەنجامێكی كۆتایی.
ئەمە لە حاڵێك دایە كە پرسی رێككەوتنی ناوكی لە ناوخۆی باڵەكانی ئێرانیش لایەنگر و دژبەری هەیە و بەتایبەت باڵی سەر بە خامنەیی و سوپای پاسداران دژی رێككەوتنی ناوكی و پشكنینی ناوەندە سەربازییەكانن و بە هێڵی سووری وەسف دەكەن و لە ماوەی دوو حەفتەی رابردووشدا چەند خۆپیشداندانێكیان رێكخست.
باسنيوز