لە ماوەی 5 رۆژدا نزیكەی 70 كەس لە ئێران لە سێدارە دراون

لە ماوەی 5 رۆژدا نزیكەی 70 كەس لە ئێران لە سێدارە دراون
لەگەڵ نزیك بوونەوەی مانگی رەمەزان و بڕیاری راگرتنی سزای سێدارە لە ئێران، شەپۆلی لەسێدارەدانی بەندكراوان لەو وڵاتە زیادی كردووە و لە ماوەی 5 رۆژدا نزیكەی 70 كەس لەسێدارە دراون.

ماڵپەڕی “نفس در قفس” بە بڵاوكردنەوەی ئەم ئامارە نووسیویەتی، لە رێكەوتی 8 ـ 6 ـ 2015ەوە هەتا 13 ـ 6 ـ 2015، واتە لە ماوەی 5 رۆژدا لە زیندانی شارە جیاجیاكانی ئێران 68 بەندكراو لە سێدارە دراون كە یەكیان ژنە.

بەپێی هەمان سەرچاوە 49 كەس لەو كەسانە بە تۆمەتی كڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەكان و 4 كەسیشیان بە تۆمەتی دەستدرێژی و لە پێش چاوی خەڵك لەسێدارە دراون.

15 كەسی دیكەشیان بە تۆمەتی كوشتنی خەڵك لە سێدارە دراون و بەگشتی لە زینداەكانی شیراز، فەسا، شەهری بابەك و رەجایی شەهر و قزڵحەساری كەرەج و زیندانی ورمێ‌ ئەو حوكمانە بەڕێوە چوون.

دەسپێكی ئەم شەپۆلە نێیە لە سێدارەدانی بەندكراوان لە زیندانەكانییئێران لە كاتێك دایە كە راگەیاندن و ئاژانسە فەرمییەكانی ئێران تەنیا ئاماژەیان بە لەسێدارەدانی 27 كەس كردووە.

ناوی زۆربەی ئەو كەسانە هتا ئێستە روون نەبووەتەوە.

زیادبوونی رێژەی بەڕێوەچوونی سزای سێدارە لە ئێران بووەتە هۆی نیگەرانیی ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و بەم بۆنەشەوە رەخنەیەكی زۆر لە ئێران و ناوەندە دادوەرییەكانی ئەو وڵاتە گیراوە.



















باسنیوز
Top