سەرۆکی یۆنان دەیەوێت لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان ئاشتبێتەوە

سەرۆکی یۆنان دەیەوێت لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان ئاشتبێتەوە
سەرۆکی حکومەتی یۆنان بەشداریکرد لە کۆنفرانسی وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی کەناری دەریایی، دوای ئەوەی وڵاتەکەی بەهۆی کێشەی قەرزەکانییەوە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا پچڕاند، ئەمەش بەهۆی نەگەیشتنە رێکەوتنێکی گونجاو لەسەر پرسی قەرزەکان، لەلایەکی دیکەش کۆمپانیا ئەوروپییەکان خەریکی کڕینەوەی کۆمپانیا یۆنانیەکانن بەهۆی مایەپووچ بوونی بەشێکی زۆر لەو کۆمپانیایانە.

ئەلەکسیس سیپراس، سەرۆکی حکومەتی یۆنان بەشداری لە کۆنفرانسی هاوبەشی وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی کەناری دەریایی کاریبی کرد.

سیپراس دوای ئەوەی کە لە هەفتەی رابردووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا پچڕاند ،هەوڵدەدات لەگەڵ ئەنگیلا مێرکێل، راوێژکاری ئەڵمانیا و فرانسوا ئۆڵاند، سەرۆکی فەرەنسا کۆببێتەوە.

ئەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوە لە کاتێکدایە، کە بەرپرسانی ئەوروپی هێشتا رازی نین لەو مەرجانەی، یۆنان ئامادەیە وەک چاکسازی ئابووری ئەنجامی بدات.

هەفتەی رابردوو سیپراس، دوای شکستهێنانی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ قەرزدەرە ئەوروپی و نێودەوڵەتییەکان لە برۆکسێل وەک بێزاری دەربڕین، ئانگیلا مێرکێل، راوێژکاری ئەڵمانیای لەسەر لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سڕییەوە. ئەوەش هێمایەکە بۆ ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەڵمانیا.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەنگیلا مێرکێل پێشتر هەفتانە لانیکەم 30 جار لەرێی تەلەفۆن و ناردنی نامە پەیوەندی بە سیپراسەوە دەکرد.

سیپراس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، لادانی ئەنگیلا مێرکێل لەسەر هەژماری فەیسبووکەکەی بۆ ئەوە بووە کە ئەو چیدیکە نایەوێت خەڵاتی کەندی کراش (یارییەکی ئەلیکترۆنییە و هەوادارێکی زۆری هەیە لەنێو بەکارهینەرانی فەیسبووک) بۆ حکومەتی ئەڵمانیا بنێرێت.

سیپراس هەروەها بە تووڕەییەوە گوتی:"خەڵکی یۆنان چیدیکە نایانەوێت وێنەی ئێوارەخوانەکان و ڤیدیۆی پشیلەکانی ئەو کەسانە ببینن، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دایدەنێن، چونکە ناتوانن خۆشییەکانیان بە شێوازێکی بەخشەندەو دادپەروەرانە هاوبەش بکەن".

سەرۆکی حکومەتی یۆنان ئاماژەی بەوەشدا :" ئەگەر ئەو رەوشە درێژەی هەبێت ئێمە بژاردەیەکی دیکەمان نییە جگە لەوەی مێرکێل لە تویتەر و ئینستاگرامیش بلۆک بکەین".

وەک کاردانەوەیەکیش، ئەنگیلا مێرکێل لە پۆستێکدا لەسەر فەیسبووکەکەی جنێو بە سیپراس دەدات و دەڵێت "دۆڕاوێکە کە نامەوێت چیدیکە بیبینم".

کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بە چڕی خەریکی کڕینی کۆمپانیا یۆنانییەکانن و لەبەر ئەوەش هەندێ شرۆڤەکاری ئابووری پێیانوایە یۆنان مەزاتکراوەو نرخەکەشی هەرزانە و کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کێشەکانی یۆنان وەک هەلێک دەقۆزنەوە بۆ بەهێزکردنی خۆیان.

هەفتەی رابردوو دۆیچە بانکی ئەڵمانی سەدا 10ی پشکەکانی کۆمپانیای هێلێنیک تیلۆکۆمی یۆنانی کڕی، بەو مامەڵەش رێژەی پشکەکانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە هێلێنیک تیلیکۆم بەرزبووە بۆ سەدا 40.

کۆمپانیای فارپۆرت کە فرۆکەخانەی فرانکفۆرت بەڕێوەدەبات رایگەیاندووە بەنیازە سەدا 55 ی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەسینا بکڕێت. ئەوەش روویەکی دیکەی کێشەی ئابووری یۆنانە بۆیە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە ئەڵمانیا تووڕەن.




























رووداو
Top