پێشبینی ده‌كرێت ئۆباما ره‌زامه‌ندیى له‌سه‌ر ناردنى سه‌دان راوێژكارى دیكه‌ بۆ عێراق نیشان بدات

پێشبینی ده‌كرێت ئۆباما ره‌زامه‌ندیى له‌سه‌ر ناردنى سه‌دان راوێژكارى دیكه‌ بۆ عێراق نیشان بدات
به‌رپرسانى ئیداره‌ى ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایان كرد، باراك ئۆباما سه‌رۆكى وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ناردنى سه‌دان راهێنه‌رانى سه‌ربازى بۆ عێراق نیشان بدات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعش زیاتر هاوكارى و یارمه‌تى هێزه‌كانى عێراق بده‌ن.

به‌رپرسانى ئیداره‌ى ئه‌مه‌ریكا راشیانگه‌یاند، له‌ ئێستادا ئیداره‌ى ئه‌مه‌ریكا دیراسه‌ى ناردنى پێنج سه‌د راوێژكارى سه‌ربازى بۆ عێراق ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى هێز و تواناى هێزه‌كانى عێراق له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆرستانى داعش زیاتر به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

هاوكات ئاژانسى ده‌نگوباسى فرانس پرێس له‌ گوته‌بێژى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌مه‌ریكاى گواستووه‌ته‌وه‌، ئه‌وان دیراسه‌ى كۆمه‌ڵێ بژارده‌ ده‌كه‌ن له‌وه‌ى چۆن بتوانن به‌ خێراترین شێوه‌ مه‌شق و راهێنان به‌ هێزه‌كانى عێراق له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆرستانى داعش بكه‌ن یه‌ك له‌و بژاردانه‌ش، ناردنى راوێژكارانى سه‌ربازى دیكه‌یه‌ بۆ عێراق.

پێشتریش ئه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئیداره‌ى ئه‌مه‌ریكا دیراسه‌ى دامه‌زراندنى بنكه‌یه‌كى دیكه‌ى سه‌ربازییه‌ له‌ ئه‌نبار بۆ ئه‌وه‌ى مه‌شق و راهێنانى زیاتر به‌ هێزه‌كانى عێراق بكه‌ن.
Top