ژماره‌ی قوربانیانی شه‌ڕى سووریا بۆ پتر له‌ 230 هه‌زار كوژراو به‌رزبووه‌وه‌

ژماره‌ی قوربانیانی شه‌ڕى سووریا بۆ پتر له‌ 230 هه‌زار كوژراو به‌رزبووه‌وه‌
روانگه‌ى مافی مرۆڤ له‌ سووریا رایگه‌یاند كه‌ له‌وه‌تای له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئاداری ساڵی دوو هه‌زارو یازده‌وه‌ شه‌ڕى سووریا ده‌ستی پێ كردووه‌ تا هه‌شتی ئایاری رابوردوو پتر له‌ دوو سه‌دو سی هه‌زارو شه‌ش سه‌دو هه‌ژده‌ كه‌س كوژراون زۆربه‌یان له‌ سه‌ربازانی رژێم و چه‌كداره‌كانن له‌وانه‌یش یازده‌ هه‌زارو پێنج سه‌دیان منداڵن.

له‌و كوژراوانه‌ شه‌ست و نۆ هه‌زارو چوارسه‌دو نه‌وه‌دو چواریان خه‌ڵكی سڤیل و چل و یه‌ك هه‌زارو سه‌دو شازده‌یان چه‌كداری ئۆپۆزسیۆن و كوردو سی و یه‌ك هه‌زارو دوو سه‌دو بیست و حه‌وتیان چه‌كداری بیانین كه‌ زۆربه‌یان توندڕۆن و چل و نۆ هه‌زارو سه‌دو شه‌شیان له‌ هێزه‌كانی رژێم و سی و شه‌ش هه‌زارو چوارسه‌دو شه‌ست و چواریان میلیشیای سه‌ر به‌ رژێم و سێ هه‌زارو سه‌دو نه‌وه‌دو یه‌كیان كه‌سانی نه‌ناسراون.

له‌ناو ئه‌وانه‌یشدا یازده‌ هه‌زارو چوارسه‌دو نه‌وه‌دو سێیان منداڵ و حه‌وت هه‌زارو سێ سه‌دو حه‌فتاو یه‌كیان مێینه‌ى ته‌مه‌ن سه‌رووی هه‌ژده‌ ساڵین. هه‌روه‌ها له‌و كوژراوانیش دوو هه‌زارو پێنج سه‌دو بیست و چواریان له‌وانه‌ن كه‌ له‌ رژێم جیابوونه‌ته‌وه‌ و چوونه‌ته‌ ریزی ئۆپۆزسیۆن.
Top