رێژه‌ی ژنان له‌ په‌رله‌مانی نوێی توركیا

رێژه‌ی ژنان له‌ په‌رله‌مانی نوێی توركیا
له‌ كۆی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی نوێی توركیا، زیاتر له‌ 90 كورسی بۆ خانمان ده‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییه‌ بۆ رێژه‌ی خانمان له‌و ناوه‌نده‌ هه‌ستیاره‌ی ئه‌و وڵاته‌دا.

به‌پێی ئامارێك كه‌ ئاژانسی رۆژنامه‌وانیی فه‌ره‌نسا ئه‌نجامیداوه‌، له‌كۆی 550 كورسیی په‌رله‌مانی نوێی توركیا، 96 كورسی بووه‌ته‌ پشكی خانمانی ئه‌و وڵاته‌ و ئه‌مه‌ش بۆخۆی ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییه‌.

له‌ ئاماره‌كه‌ی ئاژانسی رۆژنامه‌وانیی فه‌ره‌نسا هاتووه‌ كه‌ 41 له‌و خانمانه‌ سه‌ربه‌ پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی ئیسلامیی موحافزكاره‌ كه‌ ماوه‌ی 13 ساڵه‌ جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و خاوه‌نی 254 كورسییه‌، له‌ پشكی پارتی گه‌لی كۆماریش كه‌ 132 كورسیی به‌ده‌ستهێناوه‌، 20 خانم هه‌یه‌ و پارتی كاری نه‌ته‌وه‌په‌رتیش چوار خانمی له‌ په‌رله‌ماندا هه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)، كه‌ له‌پێناو یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو تێده‌كۆشێت، له‌كۆی 80 ئه‌ندام، 31یان مێیینه‌ن.

ته‌نها 79 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ماوه‌ به‌سه‌رچووی ئێستای توركیا، له‌ ره‌گه‌زی مێ بوون، رێكخراوه‌كانی مافی ژنانیش پێیان وایه‌ له‌ وڵاتێكی وه‌ك توركیا كه‌ زۆربه‌ی پێكهاته‌كه‌ی موسڵمانه‌، ره‌وشی ژنان له‌ خراپیدایه‌، به‌تایبه‌ت دوای جڵه‌وگیریی پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان كه‌ ساڵانه‌ سه‌دان حاڵه‌تی توندوتیژیی ناو خێزان و تاوان به‌ بیانووی شه‌ره‌ف رووده‌ده‌ن.
























خه‌ندان
Top