حکومەتی تورکیا دەستی بەسەر گەورەترین بانکی ئیسلامی وڵاتەکەیدا گرت
ئەم هەنگاوەی دەستەی رێکخستن و بەڕێوەبردنی بانکی تورکیا (BBDK) پێش هەفتەیەک لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تورکیا دێت و دوای ئەوە دێت رۆژی هەینی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لقی ئیسلامی (زیرائات بانک)ی کردەوە کە بانکێکی سەر بە حکومەتە.
ئاژانسی رۆیتەرز نووسراوی دەستەی رێکخستن و بەڕێوەبردنی بانکی تورکیای سەبارەت بە دەست بەسەراگرتنی بانک ئاسیا بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە: "بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم چالاکی بانکەکەدا دروستبوون کە پەیوەندییان هەیە بە ئەندازەی دارایی و سیستەمی پشکداری و دەستەی بەڕێوبەری بانکەکە کە دەبنە مایەی مەترسی لەڕووی متمانە و هاوسەنگی بۆ سەر سیستەمی بانکی، بۆیە بڕیارماندا کە ئەم بانکە بخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵی سندوقی دڵنیایی کە تایبەتە بەو بانکانەی زیانیان پێگەیشتووە."
چەند کاتژمێرێک پێش ئەم رووداوە فوئاد عەونی کەسایەتی نهێنی سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر چەند جریوەیەکی کرد و رایگەیاند کە حکومەتی تورکیا دەست بەسەر بانک ئاسیادا دەگرێت.
(بانک ئاسیا) گەورەترین بانکی پشکداری ئیسلامییە لە تورکیادا و لەلایەن فەتحوڵا گویلەنی رابەری بزووتنەوەی خزمەتەوە دروستکراوە و بۆ ماوەی چەند مانگێک دەچێت بەهۆی ململانێکانی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و بزووتنەوەی خزمەت کەوتووەتە ژێر فشارێکی گەورەی حکومەتەوە و ئەردۆغان چەندین جار ئاماژەی بەوەکردووە کە دەیەوێت ئەو بانکە داڕمێت.
خةندان