فه‌رمانده‌ى پێشووى سوپاى پاسدارانى ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى توند له‌ سعودیه‌ ده‌كات

فه‌رمانده‌ى پێشووى سوپاى پاسدارانى ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى توند له‌ سعودیه‌ ده‌كات
موحسین ره‌زایى سكرتێرى ئه‌نجوومه‌نى دیاریكردنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى رژێمى ئێران و فه‌رمانده‌ى پێشووى سوپاى پاسدارانى ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى توندى له‌ سعودیه‌ كرد و رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر سعودیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشى وڵاته‌كه‌مان بكات، ئه‌وا سعودیه‌ ده‌گێڕینه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى پێش پیشه‌سازى . به‌ پێى هه‌واڵێكى ئاژانسى فارسى ئێرانى كه‌ سه‌ر به‌ سوپاى پاسدارانه‌، موحسین ره‌زایى رایگه‌یاندووه‌ ئاسایشى ئێران ته‌نها له‌سه‌ر سنووره‌كانى نییه‌، به‌ڵكو ته‌واوى ناوچه‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌ ، بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر سعودیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشى ئێران بكات ، ئه‌وا بۆ سه‌رده‌مى پێش پیشه‌سازى ده‌یگێڕینه‌وه‌ .


ئه‌م لێدوانانه‌ى ره‌زایى له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ گرژى زۆرتر به‌ هۆى بارودۆخى یه‌مه‌ن كه‌وتۆته‌ نێوان ئێران و سعودیه‌ و له‌ چه‌ند رۆژى رابردووشدا به‌ هۆى كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ى موشه‌ك له‌ نزیك باڵیۆزخانه‌ى ئێران، له‌ سه‌نعا، حكوومه‌تى تاران بانگهێشتى هه‌ڵسورێنه‌رى كاروبارى سعودیه‌ى له‌ ئێران كرد . له‌ بیست و نۆى مانگى ئادارى رابردووش، موحسین ره‌زایى نامه‌یه‌كى كراوه‌ى ئاراسته‌ى عه‌بدولمه‌لیك حوسى سه‌ركرده‌ى حوسییه‌كانى یه‌مه‌ن كردیوو و تێیدا داواى لێكردبوو له‌ به‌رامبه‌ر پرۆسه‌كانى گه‌رده‌لولى راپێچانى هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى به‌رگرى بكه‌ن كه‌ سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌ عه‌ره‌به‌كانى له‌ دژى كوده‌تا و پێشڕه‌ویی حوسییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن ئه‌نجامیان دا .

هه‌روه‌ها مانگى رابردووش عه‌لى خامه‌نه‌یى رێبه‌رى باڵاى شۆڕشى ئیسلامیى ئێران داواى له‌ موحسین ره‌زایى كردبوو كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ریزى سوپاى پاسداران . ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ى به‌رپرسانى ئێران له‌ سعودیه‌ ، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ لێدوانى چه‌ند به‌رسێكى دیكه‌ى ئێرانى سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى یه‌مه‌ن له‌ رێگه‌ى ئاشتى و دیالۆگه‌وه‌ كه‌ له‌ نوێترین لێدواندا رۆژى سێشه‌مبه‌ى رابردوو، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌ میانى دیدارى له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاوش ئۆغلۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا، له‌ كوێت، رایگه‌یاندبوو تاكه‌ رێگا بۆ چاره‌سه‌رى قه‌یرانى یه‌مه‌ن، گفتوگۆیه‌ .
Top