باراک ئۆباما دەیەوێت ناتۆ ئامادەیی زیاتری لە عێراق هەبێت

 باراک ئۆباما دەیەوێت ناتۆ ئامادەیی زیاتری لە عێراق هەبێت
باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت هاوپەیمانێتی ئەتڵەنتیکی باکوور (ناتۆ)، کاریگەری زیاتری لە عێراق و سووریا هەبێت لە شەڕی دژ بە داعشدا، هەروەها ئەمریکا و هاوپەیمانانیش بیر لەوە دەکەنەوە لە ناوچەکەدا کردەی سەربازی زیاتر ئەنجام بدرێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەکرد هەر ٢٨ ئەندامەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ، لە هەمانکاتدا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەشدارن، بۆیە بیر لەوە دەکرێتەوە کاریگەریی ناتۆ لە ناوچەکەدا زیاتر بێت، لەکاتێکدا هەڕەشەکانی رێکخراوی داعش لە ناوچەکەدا زیادیکردووە.

ئۆباما دەڵێ: "ئێمە زۆر لە نزیکەوە کار لەگەڵ ناتۆ دەکەین، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هاوکارییەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا سەبارەت بە پرسی دژەتیرۆر فراوانتر ببێت، هەروەها دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی بتوانین لەگەڵ ناتۆ بەردەوام بین لە بەشدارییەکی کاریگەری ئەو وڵاتانە لە شەڕی دژ بە داعشدا، چونکە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ ئەندامی هاوپەیمانێتی دژ بە داعشن بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق".

ئۆباما لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ، ئامادە نەبوو هیچ کۆمێنتێک لەسەر ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بدات، کاتێک گوتبووی سەربازە عێراقییەکان ئیرادەی شەڕکردن نیشاننادەن، بەڵام جەختیکردەوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی عێراق و زیاتر گوتی: "ئەوەی ئێمە دەیکەین بە واتای زیادکردنی توانای بەرگری و بونیادنانی ‌هێزێکی کاریگەرە لە وڵاتانی وەک عێراق و وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی لە کارکردنیان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام بن، هەروەها لە وڵاتانی باکووری ئەفریقاش، لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکاندا".

ئەم گوتانەی ئۆباما لەکاتێکدایە سوپای عێراقی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رومادی و ناوچەکانی دیکەی سەر بە پارێزگای ئەنبار ئامادەکردووە و وەک حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی پێکردووە، سەربازانی عێراقی ئیرادەی شەڕیان هەیە و لە چەند رۆژی داهاتوودا شاری رومادی لەدەستی داعش دەردەهێنن.









رووداو
Top