داوای رادەستکردنەوەی یوسف قەرزاوی دەکرێت

 داوای رادەستکردنەوەی یوسف قەرزاوی دەکرێت
وەزارەتی داد بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی میسر، داوایەکیان ئاراستەی وڵاتی قەتەر کردووە، سەبارەت بە رادەستکردنەوەی یوسف قەرزاوی یەکێک لە رێبەرانی ئیخوان موسلیمین بە وڵاتی میسر، دوای ئەوەی دادگای تاوانەکانی میسر ناوبراوی بە هاندان بۆ توندووتیژی دژ بە پیاوانی میسر تۆمەتبارکرد.

عادل فەهمی، راوێژکاری وەزیری دادی میسر بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، رۆژی سێشەممە 26ی ئایاری 2015، رایگەیاند "وەزارەتی داد بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی میسر، داوایەکیان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی قەتەر کردووە بە رادەستکردنەوەی یوسف قەرزاوی و عاسم عەبدولماجید و چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئیخوان موسلیمین بە وڵاتی میسر، دوای ئەوەی دادگا تۆمەتی هاندان بۆ تووندوتیژی و کوشتنی هاووڵاتیان و پیاوانی ئەمنی میسری خستە پاڵیان و تۆمەتباریکردن و بڕیاری سزای مەرگی بەسەردا سەپاندن".

فەهمی ئاماژەی بەوەشکرد، پێشووتریش وڵاتی میسر داوایەکی بەرادەستکردنەوەی ئەو تۆمەتبارانە بەپێی ئاکارە نێودەوڵەتییەکان ئاراستەی قەتەر کردووە، بەڵام قەتەر هیچ وەڵامێکی میسر و پۆلیسی ئینتەرپولی نەداوەتەوە.

دادگای میسر رۆژی 16ی ئایاری 2015 ، سزای مەرگی بۆ محەممەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسر و یوسف قەرزاوی و 105 کەس لە ئەندامانی ئیخوان موسلیمین بە تۆمەتی شکاندنی زیندان دەرکرد و دۆسیەکەی رەوانەی موفتی گەورەی میسر کرد، یوسف قەرزاویش تۆمەتی هاندان بۆ کوشتنی پیاوانی میسری درایە پاڵ.














روداو
Top