چەکدارانی تاڵیبان لە تاران نزیکدەبنەوە

 چەکدارانی تاڵیبان لە تاران نزیکدەبنەوە
راپۆرتەکان لە ئەفغانستان و تارانەوە ئاشکرایان کردووە، کە گرووپی چەکداری تاڵیبانی ئەفغانستان بۆ شەڕی دژ بە رێکخراوی داعش دەستیان کردووە بە پەیوەندیکردن بە حکومەتی ئێران و گرووپە شیعەکانەوە بۆ ئەو مەبەستەش لە تاران نزیکبوونەتەوە.

چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانی لە ئەفغانستانەوە ئەوەیان ئاشکرا کردووە، شاندێکی تایبەتی بزوتنەوەی تاڵیبان هەفتەی پێشوو بە نهێنی سەردانی تاران و کابولییان کردووە و لەو سەردانەشدا ، لەگەڵ چەند بەرپرسێکی ئەمنیدا بە نهێنی کۆبوونەتەوە، باسیان لە مەترسی تەشەنەکردنی گرووپی داعش لە ئەفغانستان کردووە، بۆیە ئامادەییان نیشان داوە شەڕی دژ بە داعش بکەن.

ئەم نزیکبوونەوەی ئێران و تاڵیبان لەکاتێکدایە کە پیشتر ئێران لەساڵی ١٩٩٨ نزیکبوو لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی فراوان دژ بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان رێگری لێکرد و دواتر لەساڵی ٢٠٠١ ئەمریکا و هاوپەیمانان کۆتاییان بە دەسەڵاتی تاڵیبان هێنا، چەند راپۆرتێکی هەواڵگریش ئاماژەیان بەوە کردووە، لە ساڵی ٢٠٠١دا ئێران بە نهێنی هاوکاری ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکای دژ بە تاڵیبان کردووە.

دوای نزیکەی ١٤ ساڵ لەو رووداوە، ئێستا تاڵیبان و حکومەتی ئێران پێیان وایە وەک یەک رووبەڕووی هەڕەشەی داعش دەبنەوە، بۆیە بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی بڵاوکراونەتەوە ئەو دوو لایەنە لە شەڕی دژ بە داعشدا خۆیان وەک هاوبەش نیشاندەدەن.

زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن بزوتنەوەی تاڵیبان داوای لە ئێران کردووە لە دوورخستنەوەی هێزە هاوپەیمانەکان لە ئەفغانستان هاوکاری تاڵیبان بکات، بەڵام ئێران بەو مەرجەی تاڵیبان رازینەبووە.

خاڵێکی دیکەی ئەو زانیارییانەی راپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە، کە ئێران دەیەوێت بزووتنەوەی تاڵیبان بە فەرمی بەشداری لە حکومەتی ئەفغانستاندا بکات و ئاشتەوایی لەنێوان ئەو بزووتنەوەیە و حکومەتدا درووست بکات.

هەر ئەو پێشنیازەی ئێرانیش وایکردووە رۆژی دووشەممەی رابردوو موحەمەد تەیب ئاغا، سەرکردەی شاندی تاڵیبان لەگەڵ چەند ئەندامێکی تاڵیباندا سەردانی تاران بکات، بەڵام حکومەتی تاران نکۆڵی لەوە دەکات شاندی تاڵیبان سەردانی ئێرانیان کردبێت.

















رووداو
Top