هۆڵه‌ندا پۆشینی نیقاب قه‌ده‌غه‌ دەكات

هۆڵه‌ندا پۆشینی نیقاب قه‌ده‌غه‌ دەكات
دوێنێ هه‌ینی حكومه‌تی هۆڵه‌ندا بڕیاریدا پۆشینی نیقاب له‌هه‌ندێك له‌شوێنه‌ گشتییه‌كاندا قه‌ده‌غه‌بكات.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ی ده‌موچاو داده‌پۆشن، له‌دامه‌زراوه‌كانی فێركردن و ناوه‌نده‌كانی چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی و نوسینگه‌ حكومییه‌كان و هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتی، قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا له‌میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م قه‌ده‌غه‌كردنه‌ شه‌قامه‌كان ناگرێته‌وه‌ له‌چه‌ند حاڵه‌تێكی دیاریكراودا نه‌بێت كه‌ واپێویست ده‌كات خه‌ڵك له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی، یه‌كتر ببینن.

وتیشی، ئه‌م پڕۆژه‌یاسای قه‌ده‌غه‌كردنه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بنچینه‌ی ئاینی نیه‌.

به‌گوێره‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ كه‌ پێویستی به‌ ره‌زامه‌ندیی په‌رله‌مان هه‌یه‌ تا ببێته‌ یاسا، پۆشینی نیقاب و هه‌رجۆره‌ جلوبه‌رگكی تر كه‌ ده‌موچاو دابپۆشێت، له‌ناو هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتی و خوێندنگه‌و نه‌خۆشخانه‌و نوسینگه‌ حكومییكان قه‌ده‌غه‌یه‌.

حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ هه‌وڵیداوه‌ باشترین هاوسه‌نگی له‌نێوان ئازادیی تاكه‌كان له‌وه‌ی به‌دڵی خۆیان چی له‌به‌رده‌كه‌ن له‌به‌ربكه‌ن و پێویستی په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵوگۆڕو توانای ناسینه‌وه‌ی كه‌سه‌كان، به‌دیبهێنێت.






















خەندان
Top