حاکمی پێشووی نیویۆرک داوای پڕچەککردنی پێشمەرگە دەکات

 حاکمی پێشووی نیویۆرک داوای پڕچەککردنی پێشمەرگە دەکات
حاکمی پێشووی ویلایەتی نیویۆرک داوادەکات بۆ لەناوبردنی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا ئەمریکا بە هەموو توانایە ئاسمانییەکانی رووبەڕووی داعش ببێتەوە، دەشڵێت" پاڵپشتی لە پڕچەککردن و مەشق و راهێنانپێکردنی هێزەکانی پیشمەرگە لەلایەن ئەمریکاوە دەکەم".

جۆرج پاتاکی، حاکمی پێشووی ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە 21 ی ئایاری 2015، رایگەیاند "لە پێناو وێرانکردن و بێبەشکردنی داعش لە بنکەکانی مەشق و راهێنانکردن و پلانەکانیان بۆ راکێشانی چەکدار بۆ نێو ریزەکانیان، پێویستە هەرچی هەمانە لە هێزی ئاسمانی وەکو موشەکی تۆماهۆک و موشەکەکانی دیکە بەرامبەر بەداعش بەکاریان بهێنین، بەر لەوەش پاڵپشتی بنیادنانی هێزەکانی پێشمەرگە لە رووی سەربازییەوە دەکەم، کە هیچ چەک و تفاقێک و مەشق و راهێنانپێکردن و هاوکاری داراییان نییە".


باتاکی گوتیشی "پێویستناکات لە رێگەی ملیۆنان سەرباز و خەرجکردنی ترلیۆنێک دۆلار بۆماوەی دە ساڵ هەوڵی بەدیهێنانی دیموکراسییەت لەو وڵاتە بدەین، بەڵکو پێویستە سەربازەکانمان رەوانە بکەین بۆ وێرانکردنی بنکەکانی مەشق و راهێنانکردنی چەکدارانی داعش و ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدان، هەروەها پێویستە پارێزگاری لە هاوڵاتیانی ئەمریکا بکەین بەر لەوەی هێرشیان بکرێتە سەر".

ئاماژەی بەوەشدا، شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش شەڕی ئەمریکایە، گوتیشی" ئێمە وا بیردەکەینەوە گرووپە تووندئاژۆکان بە هەزاران میل لە ئێمەوە دوورن و هەڕەشەی راستەوخۆنین بۆ سەر ئەمریکا، بەڵام بینیمان لە 11 سێپتێمبەردا چی روویدا، بۆیە ئەو گرووپانە هەڕەشەن و بەردەوامیش هەڕەشەدەبن".










رووداو
Top