ئەمریکا بەڵێن دەدات لە ناردنی چەک بۆ هێزە عێراقییەکان پەلە بکات

 ئەمریکا بەڵێن دەدات لە ناردنی چەک بۆ هێزە عێراقییەکان پەلە بکات
کۆشکی سپی رایگەیاند جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەباری هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر شاری رومادی قسەی کردووە و بەڵێنی پێداوە، کە ئەمریکا پەلە بکات لە ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ هێزە عێراقییەکان.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ئەو هاوکارییە سەربازییانە چەکی قورسی وەکو مووشەکی ئای تی 4ی دژە کامیۆنی بۆمبڕێژکراو و فیشەک و کەرەستەی دیکە دەگرێتەوە.

دوێنێ چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر کۆمەڵگەی حکومی ناوەڕاستی شاری رومادیدا گرت، کە بە کۆڵەگەی سەرەکی هێزە عێرقییەکان لەو پارێزگایە دادەنرێت.

ئەمریکا دەیەوێ راستەوخۆ چەک بە پێشمەرگە و چەکدارانی هۆزە سونییەکان بدات، بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن. دوێنێش ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پڕۆژەبڕیاری یاسای بودجەی بەرگریی ئەمریکای بۆ ساڵی 2016 پەسندکرد، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە"دەبێت هاوکاریی سەربازیی بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزە سوننییەکان بنێردرێت".










رووداو
Top