سه‌رۆك بارزانی: كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئۆباما سەركەوتوو بوو

سه‌رۆك بارزانی: كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئۆباما سەركەوتوو بوو
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێ، كۆبوونەوەی ئەمشەوی لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا و بەرپرسانی كۆشكی سپی سەركەوتوو بووە، دەشڵێت :" هەست بە شانازی دەكەین لەسەردەستی پێشمەرگە هەیبەتی داعش شكێندرا و كوردستان بووەتە پەناگەی لێقەوماوان".

مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كاتی پێشكەشكردنی وتارێكدا لە سەنتەری بازرگانی ئەمریكا، لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند:" كۆبوونەكەمان زۆر سەركەوتوو بوو، سوپاسی گەلی كورستانیشم بە سەرۆك ئۆباما و جۆبایدنی جێگری گەیاند بۆ ئەو هاوكارییە سەربازییانەی پێشكەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە لە شەڕی داعشدا و لەم تەنگانەیەدا پشتیوانیان لە گەلی کورد کرد".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی شەڕی داعش هەروەها گوتی" راستە کوردستان رووبەڕووی تەحەدییەکی زۆر گەورە بووتەوە کە شەڕی داعشە، بەڵام سوپاس بۆ خوا و پێشمەرگە تا ئێستا 20 هەزار کیلۆمەتر خاک لە ژێردەستی داعش دەرهێنراوە، هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەین کە هەیبەتی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە شکێنرا".

لەبارەی ئاوارەكانیش كە ژمارەیەكی زۆر ئاوارە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بارزانی گوتی" كوردستان بووەتە پەناگەی لێقەوماوان، ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەن لەکاتێکدا کوردستان رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی بووەتەوە، بەڵام ئەوە بە ئەرکێکی ئینسانی و نیشتمانی خۆمان دەزانین و دەرگای کوردستان هەمیشە کراوەدەبێت بۆ لێقەوماوان لە هەر ئایین و مەزهەبێک بن".

بارزانی لە وتارەكەیدا كە لە ژووری بازرگانی ئەمریكا پێشكەشیكرد، سەبارەت بە کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش گوتی "دەرگای کوردستان هەمیشە کراوە دەبێت بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بیانەوێت کاربکەن لە کوردستان و سوپاسیان دەکەم کە لە کاتی تەنگانەدا کوردستانیان جێنەهێشت، ئەوان لە رووی مەعنەوییەوە پاڵپشتێکی باشی کوردستان بوون".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە کۆتایی وتارەکەیدا گوتیشی " نابێ رێگەبدەین پلانی تیرۆریستان سەربکەوێت و تیرۆریستان هیچ ئایندەیەکیان نییە، سەرکەوتن بۆ دیموکراسی دەبێت لە ناوچەکەدا".

ئەمشەو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جۆبایدن، جێگری سەرۆكی ئەمریكا و بەرپرسانی كۆشكی سپی كۆبوونەوە. كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا و جۆبایدن داخراو بوو و جگە لە فۆتۆگرافەری سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و كۆشكی سپی، هیچ رۆژنامەڤانێك بەشدارنەبوو.

ئەندامانی شاندی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان، دەرباز كۆسرەت وەزیری ئاوەدانكردنەوە، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا پێكهاتبوو.









رووداو
Top