داعشێك خۆی بە ئەمیر و 13 هاوەڵانیدا دەتەقێنێتەوە

 داعشێك خۆی بە ئەمیر و 13 هاوەڵانیدا دەتەقێنێتەوە
ئەندامێكی رێكخراوی داعش لە شارۆچكەی "تەل ئەبیەز"ـی سەر بە شاری ریقە خۆی بە ژمارەیەك ئەندامی دیكەی رێكخراوەكەیدا تەقاندەوە و لە ئەنجامدا ئەمیرەكەی كە بە "تیمساح" ناسراوە، لەگەڵ 13 ئەندامی دیكە كە لەو كاتەدا لە شوێنی رووداوەكەبوون كوژران.

بەرپرسەكەی داعش كە بە "تیمساح" ناوبانگی دەركردبوو خەڵكی تونسە. رووداوەكە بەجۆرێك روویداوە كە ئەو كەسەی خۆی تەقاندووەتەوە لەگەڵ ئەندامانی ژێردستی "تیمساح" دەمەقاڵێيان دروستبووە، بەهۆی ئەوەی رەتیكردووەتەوە بەشداری لە بەرەنگاربوونەوەی ئۆپۆزیسیۆنە چەكدارەكانی شاری ریقە بكات و گوتوویەتی "ئەم كارانە دەبنە هۆی رشتنی خوێنی موسڵمانی بێتاوان و من بەشداری تێداناكەم".

لە ئەنجامدا دەمەقاڵێكە بووەتە شەڕ، پاشان ئەمیرەكە فەرمانیداوە بیخەنە زیندان و جەڵدەی لێبدەن بەهۆی جێبەجێنەكردنی فرمانەكانی و، كاتێكیش ئەندامەكانی دیكە ویستوویانە فرمانەكە جێبەجێبكەن و بیخەنە زیندانەوە، ئەو لەرێگای ئەو پشتێنە بۆمبڕێژكراوەی كە لەخۆی بەستووە خۆی پێیاندا تەقاندووەتەوە و زۆربەیانی كوشتووە، ئەم زانیارییانەش لەلایەن زەید فاریس، كە چالاكوانێكی راگەیاندكاری شاری ریقەیە، بەهۆی ئەندامێكی جیابووەوەی نێو رێكخراوەكە پشتڕاستكراونەتەوە.

مەحمود موسا كە چالاكوانێكی دیكەیە دەڵێت "ناكۆكی نێوەخۆیی و چەندین حاڵەتی دیكەی هاوشێوە لەنێو رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هەن، بەڵام ئەوان بە هەموو چەشنێك ئەمە لە راگەیاندن دەشارنەوە".







رووداو
Top