نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕووسیا بە مووشەکێکی کۆریای باکوور هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا

نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕووسیا بە مووشەکێکی کۆریای باکوور هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا

 

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن: هێرشەکەی ئەم دواییەی ڕووسیا بۆ سەر شاری خارکیڤ لە ئۆکرانیا بە مووشەکی کۆریای باکوور ئەنجامدراوە.

چاودێرانی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا بۆ لیژنەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕایانگەیاندووە، پاشماوەی مووشەکێک کە لەم دواییە بەر شاری خارکیڤی ئۆکرانیا كەوتووە، لە مووشەکێکی بالیستیکی زنجیرەی هواسۆنگ-١١ی کۆریای باکوور بووە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاسایشی گەمارۆی چەکە لەلایەن ئەنجومەنەوە لەسەر ئەو بابەتە لەبەرچاو دەگیرێت.

کۆریای باکوور لە ساڵی 2006ەوە بە هۆی هەڵدان و تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیک و پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی لە ژێر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە. چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاندووە، مووشەکی بالیستیکی زنجیرەی هواسۆنگ-١١ بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن پیۆنگیانگەوە تاقیکرایەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ڕووسیا مانگی ڕابردوو ڤیتۆی درێژکردنەوەی ساڵانەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی دژی کۆریای باکووری کرد. ئەرکی شاندی ئاماژەپێکراو کە ماوەی ١٥ ساڵە چاودێری جێبەجێکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆریای باکوور دەکات، ئەمڕۆ سێشەممە کۆتایی دێت.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top