نەتەنیاهۆ پیرۆزبایی وەزیری دەرەوەی ئێران رەتدەکاتەوە

 نەتەنیاهۆ پیرۆزبایی وەزیری دەرەوەی ئێران رەتدەکاتەوە
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ رەتکردنەوەی پەیامی پیرۆزبایی ساڵی تازەی یەهوودی لەلایەن بەرپرسانی ئێرانییەوە، رایگەیاند\" ئەو پەیامانە بۆ ئەوەیە سەرنجی خەڵکی جیهان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەلاڕێدا ببردرێت\"".

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئسیرائیل، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە فشارەکانیان بۆ سەر ئێران توندتر بکەن.
نەتەنیاهو گوتی\"" پەیامی پیرۆزبایی لەلایەن رژێمێک، کە هەفتەی رابردوو هەڕەشەی لەناوبردنی لە ئیسرائیل کردووە، کاریگەری نییە لەسەر من\"".

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی چوارشەممە 4-9-2013 لە پەیامێکدا، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، پیرۆزبایی هاتنی ساڵی تازەی یەهوودیەکانی کرد.

کوڕی رێبەری دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە تویتەر وەڵامی ئەو پەیامەی وەزیری دەرەوەی ئیرانی داوەتەوە و داوای کردووە ئێران کۆتایی بهێنێت بە بەدرۆ خستنەوەی هۆلۆکۆست. لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەو داوایەدا نووسیویەتی\"" ئێران هیچکات هۆلۆکۆستی بەدرۆنەخستووەتەوە و ئەو کەسەی هۆلۆکۆستی رەتدەکردەوە رۆیشتووە\"".

مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لەکاتی سەرۆکایەتی خۆی چەند پرسیارێکی لەسەر هۆلۆکۆست خستبووەروو و گومانی خستبووە سەر راستیەکانی ئەو رووداوە، کە هەڵویستی تووندی ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوایی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەروەها جەواد زەریف، چاوپێکەوتنێکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا گوتویەتی\"" کوژرانی یەهوودییەکان لەلایەن نازییەکانی ئەڵمان و کوژرانی فەلەستینیەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە ریسوا دەکەین\"".

نەتەنیاهو لە وەڵامدا گوتویەتی \""رژێمی ئێران دەبێت لەسەر کردەوەکانی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت نەک پیرۆزباییەکانی\"".





رووداو"
Top